وەزارەتی پلاندانان: پارێزگای سلێمانی نزمترین رێژەی هەژاری تێدایە لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق
  2020-02-16       1713       

بەپێی روپێوییەكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی تەواوی پارێزگاكانی وڵات، نزمترین رێژەی هەژاری تێدایەو دوای ئەویش هەولێر دێت. هەروەها بەرزترین رێژەی هەژاریش لە پارێزگای موسەننایە.

ئاوێنە: وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رێژەی هەژاری لە عێراق هەندێك دابەزینی بەخۆیەوە دیوە بەبەراورد بەو رێژانەی لەساڵی 2014دا تۆماركراون كاتێك لەو ساڵەدا عێراق روبەڕوی قەیرانێكی ئەمنی و ئابوری بوەوە.

راگەیەندراوەكە لەزاری عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتەكەوە ئاشكرایكردوە، وەزارەتی پلاندانان لە كۆتایی ساڵی 2018 روپێوییەكی ئەنجامداوە كە دەریدەخات رێژەی هەژاری لەتەواوی عێراق بۆ لەسەدا 20 دابەزیوە ئەوەش دوای ئەوەی لەساڵی 2014دا رێژەی تۆماركراو لەسەدا 22.5 بوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەپێی روپێوییەكە رێژەی هەژاری لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە بەگوێرەی چالاكیی ئابوری و جوڵەی پەرەپێدانەوە جیاوازی هەیەو لەهەندێك لە پارێزگاكان رێژەكە بەرزبۆتەوەو لە هەندێكی دیكە بەرزبۆتەوەو لەهەندێكیش وەك خۆی ماوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە پێوەری دەرخەری هەژاری پشت بە چەند رەهەندێكی جیاجیا دەبەستێت لەوانە، پرسی تەندروستی، نیشتەجێبون، خوێندن و داهات و پێویستی بۆ خۆراك.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەسەر بنەمای ئەو رەهەندانە، وەزارەتەكەیان ستراتیژیەتێكی نیشتمانی بۆ دابەزاندنی ئاستی هەژاریی لەعێراق بۆ ساڵانی 2018 تا 2022 راگەیاندوە بە ئامانجی گەیانی ئاستی هەژاری بە لەسەدا 16 لە كۆتایی ستراتیژەكەدا.

هینداوی ئاشكرایكرد كە بەپێی روپێوییەكەی كۆتایی ساڵی 2018، پارێزگای موسەننا بە پلەی یەكەم دێت لەڕوی هەژارییەوە كە رێژەی هەژاری لەو پارێزگایە (لەسەدا 52)ە.

هەروەها ئاشكراشیكرد كە بەپێی روپێوییەكە پارێزگای سلێمانی كەمترین ئاستی هەژاری تێدایەو رێژەی هەژاری تێیدا لەسەدا 4.5 و هەروەها دوای ئەویش كەمترین ئاستی هەژاری لە هەولێر هەیە كە رێژەكەی لەسەدا (6.7)ە.

بەگوێرەی روپێوییەكە رێژەی هەژاری بەپێی پارێزگاكانی عێراق بەمجۆرەیە:

سلێمانی: 4.5%
هەولێر: 6.7%
كەركوك: 7.6%
دهۆك: 8.5%
بەغدا: 10%
بابل: 11%
كەربەلا: 12%
نەجەف: 12.5%
بەسرە: 16%
ئەنبار: 17%
سەڵاحەدین: 18%
واست: 19%
دیالە: 22.5%
نەینەوا: 37.7%
زیقار: 44%
میسان: 45%
دیوانیە: 48%
موسەننا: 52%


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×