پەرلەمانتارێكی گۆڕان: راگەیەندراوە هاوبەشەكەی بارزانی و حەلبوسی "شاردنەوەی راستی هاوبەش"ە
  2020-02-16       1465       

پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق راگەیەندراوە هاوبەشەكەی ئەمڕۆی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان سەبارەت بە دۆخی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بە "شاردنەوەی راستی هاوبەش" ناودەبات و دەشڵێت، ئەو قسانەی لە راگەیەندراوە هاوبەشەكەدا هاتون "هیچی وا نییە".

ئاوێنە: ئەمڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 16ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى هاوپه‌يمانى هێزه‌ عێراقييه‌كان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرد كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری هاوپەیمانییەكەش یاوەری حەلبوسی بون.

بەپێی راگەیەندراوێكی هاوبەشی هەردو نوسینگەی مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی، لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆیان كردوە سەبارەت بە بارودۆخی ئێستاو ئەو قەیرانە سیاسیەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت، لە نێویشیاندا پێكهێنانی حكومەت و لەبەر رۆشنایی كۆبونەوەكەش هەردولا لەسەر شەش خاڵ رێكەوتون.

غالب محەمەد، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لەبارەی راگەیەندراوە هاوبەشەكەوە لە لاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك نوسیویەتی"‏‎راگەیاندراوی هاوبەش یان شاردنەوەی راستی هاوبەش! ئەو قسانەی لە راگەیاندراوی هاوبەشدا هاتون، هیچی وانیە."

ئەو پەرلەمانتارەی بزوتنەوەی گۆڕان پێی وایە "‏‎ئەوەی راستییەو لە خەڵكی دەشارنەوە؛ ئەوەیە کە حەلبوسی و بارزانی و بەرپرسەکانی یەكێتی دەیانەوێت رێكبكەون بۆ ئەوەی جارێكی تر وەزیری حزبی و گەندەڵ دابنێن لە حكومەتەكەی محەمەد توفیق عەلاوی."

غالب محەمەد وتوشیەتی"‏‎دەیانەوێ ئەگەر عەلاوی رازی نەبێت بەو وەزیرە حزبی و دەموچاوە دوبارانە، ئەوە بەهاوبەشی رێگری لە دانیشتنەكەی پەرلەمان بكەن، بۆ ئەوەی وەزیرە سەربەخۆكان دانەنرێن و جارێكی تر حكومەتێكی حزبی دروستبكەن بە سپۆنسەری حزبە گەندەڵەكان (وەك حەلبوسی و پارتی و یەكێتی و بەشێك لە شیعەكان)."

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×