پەرلەمانتارێكی عێراق: ئەمریكا بەنهێنی دەستیكردوە بە دانانی سیستمی پاتریۆت لە بنكەی عەین ئەسەد
  2020-02-16       572       

كەریم علێوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایس و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، جەختی كردەوە، بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق، ئەمریكا بەنهێنی دەستی كردوە بە دانانی سیستمی بەرگریی موشەكی پاتریۆت لە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.

ئاوێنە: كەریم علێوی، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"، رایگەیاندوە، بەپێی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی بەدەستمان گەیشتون، هێزەكانی ئەمریكا بەنهێنی دەستیان كردوە بە دانانی سیستمی پاتریۆت لە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.

وتوشیەتی، سیستمەكە لەڕێگەی چەند فڕۆكەیەكی بارهەڵگری گەورەوە گوازراوەتەوە بۆ بنكە سەربازییەكەو وتوشیەتی"ئەوەی رودەدات پەرەسەندنێكی مەترسیدارەو پێویستە لەلایەن حكومەتەوە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت، چونكە حكومەت هیچ رێگەیەكی بەوە نەداوە."

پێشتر میدیاكانی ئەمریكا لەزاری بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەوە بڵاویان كردبوەوە كە گفتوگۆكانی ئەمریكا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ دانانی سیستمی پاتریۆت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەیان لەناو عێراق، گەیشتۆتە قۆناغێكی پێشكەوتو و واشنتۆن هیوادارە بە زوترین كات سیستمەكە بگەیەنرێتە عێراق بۆ پاراستنی ئەو سەربازو كارمەندە دیپلۆماتیانەی ئەمریكا كە لەعێراقن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×