2020-02-17   733     
وەزاره‌تی پلاندانانی عێراق, داتایه‌كی تایبه‌ت به‌رێژه‌ی هه‌ژاری له‌سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكان بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی دو ساڵی رابردودا رێژه‌ی هه‌ژاری به‌هۆی دۆخی ئه‌منی و ئابوریه‌وه روی له‌هه‌ڵكشان كردوه، پارێزگای سلێمانیش له‌پله‌ی یه‌كه‌می كه‌مترین رێژه‌ی هه‌ژاریدایه.
ئاوێنە: عه‌بدولزه‌هر هنداوی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "به‌گوێره‌ی سه‌رژمێریه‌كی وه‌زاره‌تی پلاندانان كه تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ ئه‌نجامدراوه، رێژه‌ی هه‌ژاری له ٢٢.٥%ه‌وه كه ٢٠١٤ ئه‌نجامدرابو بۆ٢٠% كه‌مبوه‌ته‌وه".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، رێژه‌ی هه‌ژاری له‌نێوان پارێزگاكان به‌پێی چالاكی ئابوری و جوڵه‌ی بازاڕ گۆڕانكاری به‌سه‌ردێت، به‌جۆرێك به‌شێك له‌پارێزگاكان رێژه‌ی هه‌ژاری به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مبوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌به‌شێكی دیكه‌شیان روی له‌زیادبون كردوه”.
وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، له‌سه‌رژمێریه‌كه‌دا بواره‌كانی ته‌ندروستی، نیشته‌جێبون، فێربون و داهاتی تاك و پێداویستیه‌كان بۆ خۆراك له‌به‌رچاو گیراون.
جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه، به‌پێی ئه‌و پلانه ستراتیژیه نیشتمانیه‌ی دانراوه، عێراق له‌ساڵی ٢٠١٨ تاوه‌كو ٢٠٢٢ رێژه‌ی هه‌ژاری كه‌مده‌بێته‌وه بۆ ١٦%، هه‌مان پلانیش له‌ساڵی ٢٠١٠جێبه‌جێكرا كه رێژه‌ی هه‌ژاری ٢٣% بو، به‌ڵام تا كۆتایی ٢٠١٣بۆ ١٥% كه‌مبوه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانه‌كانه‌وه له‌ساڵی ٢٠١٤ جارێكی تر رێژه‌كه روی له‌به‌رزبونه‌وه كرد.
زۆرترین رێژه‌ی هه‌ژاری له‌پارێزگای موسه‌ننا تۆماركراوه كه رێژه‌كه‌ی ٥٢%-ه، كه‌مترین رێژه‌ی هه‌ژاریش له‌پارێزگای سلێمانیه كه رێژه‌كه‌ی ٤.٥%-ە.
به‌گوێره‌ی سه‌رژمێریه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، زۆرترین رێژه‌ی هه‌ژاری له‌پارێزگای موسه‌ننا تۆماركراوه كه رێژه‌كه‌ی ٥٢%-ه، كه‌مترین رێژه‌ی هه‌ژاریش له‌پارێزگای سلێمانیه كه رێژه‌كه‌ی ٤.٥%-ە.
هه‌ر له‌و راپۆرتی سه‌رژمێریه‌دا ئه‌وه‌یخستوه‌ته‌ڕو، دهۆك ٨.٥%، سلێمانی ٤.٥%، هه‌ولێر ٦.٧%، نه‌ینه‌وا ٣٧.٧%، كه‌ركوك ٧.٦%، دیاله ٢٢.٥%، ئه‌نبار ١٧%، سه‌ڵاحه‌دین ١٨%، به‌غداد ١٠%، بابل ١١%، كه‌ربه‌لا ١٢%، واست ١٩%، نه‌جه‌ف ١٢.٥%، دیوانیه ٤٨%، زیقاڕ ٤٤%، میسان ٤٥%، به‌سڕا ١٦%یه.