وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئێران: رێز لە سەروەری عێراق بگرن
  2020-02-17       537       
محەمەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە ئێران کرد کە رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و پاڵپشتی لەو هەوڵانەش بکات کە بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا خراونەتەگەڕو.

ئاوێنە :بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونخ-دا کە دوێنێ یەکشەممە کۆتایی بە کارەکانی هات، محەمەد عەلی حەکیم لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی هەوڵدەدات پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەبێت، هەروەها لە ململانێیەکانی هەرێمیی و نێودوڵەتییدا خۆی بە دوور بگرێت.

محەمەد عەلی حەکیم داوای لە ئێران کردووە کە رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و پاڵپشتی لەو هەوڵانەش بکات کە بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا خراونەتەگەڕ و رایگەیاندووە، "زیادبوونی گرژییەکان و ئاماژەدان بە پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی دژبە ئێران لەلایەن ئەمریکاوە رەت دەکەینەوە و پابەندین بە پاراستنی گیانی نێردە دیپلۆماتییەکان لە وڵاتەکەمان".

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر پاراستنی ئاسایشی وزە لە کەنداو، هەروەها ئازادی بازرگانی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز و رایگەیاندووە کە داخستنی گەرووی هورمز کاریگەری خراپی بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×