مه‌زڵوم کۆبانێ: به‌بێ‌ كورد كێشه‌ی‌ سوریا چاره‌سه‌ر ناكرێت
  2020-02-17       721       
فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" رایگه‌یاند كه‌ دۆخی سوریا ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش ساڵی‌ 2011  و به‌بێ‌ كورد كێشه‌ی‌ سوریا چاره‌سه‌ر ناكرێت.

ئاوێنه‌: جه‌نه‌راڵ‌ مه‌زڵوم کۆبانێ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ عه‌ره‌بیه‌ وتی: "پێویسته‌ هه‌موو پێكهاته‌كان به‌بێ جیاوازیی له‌ كۆمیته‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری سوریا به‌شداربن، ئه‌وكات پێویسته‌ بوترێت (چاره‌سه‌ری سوری، ده‌ستوری سوری و دانوستانی سوری)".


وتیشی‌: "خۆبه‌ڕێوبه‌ریی دیموكراتی پرۆژه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی واقیعیه‌ و له‌ناو ناچێت، به‌بێ ئه‌وه‌ش كێشه‌كانی‌ سوریا چاره‌سه‌ر نابن، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربازی ناتوانێت ببێته‌ چاره‌سه‌ر، بۆیه‌ هیوادارین سه‌پاندنی رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازیی به‌لاوه‌ بنرێت".

جه‌نه‌راڵ‌ مه‌زڵوم ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "پێویسته‌ له‌ڕێی‌ كاركردن له‌سه‌ر گۆڕانكاری‌ دیموكراتی‌ به‌جۆرێك كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بێت له‌سه‌ر سوریا و گه‌له‌كه‌ی‌، كۆتایی به‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ سورییه‌كان بهێنرێت".

سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌رباره‌ی سوریاش، رایگه‌یاند كه‌ "هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و دانوستانانه‌ی له‌ ساڵانی ڕابردوو به‌بێ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری خۆبه‌ڕێوبه‌ریی ئه‌نجامدراون، هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بووه‌، ئه‌م دانوستانانه‌ش، ئه‌نجامیان وه‌ك رێككه‌وتنه‌كانی ئیدلبه‌.

فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ماف به‌پێی قوربانیدان و هه‌ڵویسته‌كان ده‌درێت، ئه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی گه‌لی ئێمه‌ داویانه‌، كه‌متر نییه‌ له‌ گه‌لانی دیكه‌، داواكاریی ئێمه‌ مافێكی ڕه‌وایه‌ و خۆبه‌ڕێوبه‌ریی دیموكراتی نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات".
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×