ئەمریكا داوا لەحكومەتی عێراق دەكات سنورێك بۆ تاوانەكان دژبە خۆپیشاندەران دابنرێت
  2020-02-19       403       

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا داوا لەحكومەتی عێراق دەكات سنورێك بۆ "كردەوە تاوانكارییەكان" دژبە خۆپیشاندەران دابنرێت و هەروەها پابەندیی خۆیشی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات دوپاتدەكاتەوە.

ئاوێنە: باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دەیڤید شینكەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك لەمیانی سەردانەكەی دوێنێیدا بۆ بەغدا، بەجیا لەگەڵ هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەو بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمارو محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كۆبوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە شینكەر، لەكۆبونەوەكاندا تیشكی خستۆتە سەر گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو عێراق و هاریكاریی بەردەوامیان بۆ پشتیوانی عێراقێكی پێشكەوتوو سەقامگیرو دیموكراتی.

یاریدەدەرەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئیدانەی هێرشە بەردەوامەكانی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز كردوە كە مافی خۆیان لەدەربڕینی بۆچونیان بەكاردەهێنن و داوای چاكسازی سیاسی و ئابوری دەكەن.

هەروەك داواشی لە حكومەتی عێراق كردوە سنورێك بۆ كردەوە تاوانكارییەكان دابنێت و تاوانكاران رادەستی یاسا بكات.

هەروەها شینكەر پشتیوانی خۆی بۆ مافە دیموكراتییە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیانی عێراق لە گردبونەوەی ئازادو خستنەڕوی بۆچونیان، دەربڕی و دوپاتیشیكردۆتەوە كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رێز لە رۆڵێ گرنگی مەرجەعیەت لە عێراق دەگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×