روسیا: ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن توركیاوە لە ئیدلب خراپترین سیناریۆ دەبێت
  2020-02-19       772       

كۆشكی كرملینی روسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن توركیاوە دژبە هێزەكانی حكومەتی سوریا لە ئیدلب، خراپترین سیناریۆ دەبێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ بەر لەو قسانەی كرملین، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی وڵاتەكەی لە ئیدلب كردبو و راشیگەیاندبو كە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی وڵاتەكەی لەو پارێزگایەی سوریا تەنیا پرسی كاتەو "شەوێك لەناكاو" دەست بە ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن.

لێدوانەكەی ئەردۆغان دوای شكستی گفتوگۆكانی توركیا دێت لەگەڵ روسیا سەبارەت بە ئیدلب بۆ هێنانەدی داواكارییەكی ئەنكەرە.

لەبەرامبەر لێدوانەكەی ئەردۆغاندا، دیمیتری پیسكۆف، وتەبێژی كۆشكی كرملینی روسیا، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، مۆسكۆ بەتوندی دژی ئۆپەراسیۆنێكی لەو جۆرەیە بەڵام روسیاو توركیا لەپەیوەندیدا دەبن بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەكان لە ئیدلب.

پیسكۆف لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە كاردانەوەی مۆسكۆ لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن هێزەكانی توركیاوە لە ئیدلب، وتی"لێگەڕێن لە خراپترین سیناریۆكانەوە دەست پێ نەكەین. بێگومان ئەوە خراپترین سیناریۆیە."

وتەبێژی كرملین ئاماژەی بەوەشداوە كە لەئێستادا هیچ پلانێك نییە بۆ ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان پوتین و ئەردۆغاندا، بەڵام پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەو شێوەیە دەكرێت بەخێرایی رێكبخرێت.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كە روسیا بەردەوام دەبێت لەپەیوەندییەكان لەگەڵ لایەنی توركی بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×