لە ئێران دو حاڵەتی توشبون بە كۆرۆنا تۆرماركرا
  2020-02-19       663       

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، دو حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای قوم تۆماركراون، ئەوەش بەپێی ئەنجامی پكشنینەكان.

ئاوێنە: كیانوش جەهانپور، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكان و راگەیاندنی وەزاەرتی تەندروستی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەگوێرەی پشكنینە سەرەتاییەكان كە بۆ نمونە گومان لێكراوەكانی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجام دراون، دەریدەخەن دو حاڵەتیان پۆزەتیفن.

لەلای خۆیشییەوە محەمەد مەهدی گویا، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبردنی نەخۆشییە درمەكان لە وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بەو دو حاڵەتە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی كە بێ چەندو چون توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنان.

محەمەد مەهدی گویا، ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران(ئیرنا)ی راگەیاند، دو توشبوەكە خەڵكی شاری "قوم"ی ئێرانن و رەتیكردەوە بیانی بن.

وتیشی، سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە هۆكارو شێوازی توشبونی ئەو دو كەسە بە ڤایرۆسەكە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە لەكۆتاییەكانی ساڵی رابردودا لە شاری وهانی چینەوە سەری هەڵدا، تا ئێستا زیاتر لە دو هەزار كەسی لەو وڵاتە كوشتوەو ژمارەی توشبون بە ڤایرۆسەكەش لەسەرتاسەری چین گەیشتۆتە زیاتر لە 74 هەزار كەس.

لەدەرەوەی چین-یش ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسەكە تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتبوە 900 كەس لە 30 وڵات كە پێنج لەوانە گیانیان لەدەست داوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×