2020-02-19   418     
سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ رایگەیاند، ''داوا دەکەم بەر لەوەی بۆشایی دەستووری دروست ببێت، بەپەلە کابینەی نوێی حکوومەت پێکبهێندرێت''.
ئاوێنه: لە پەیامێکدا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق سەبارەت بە کابینەی حکوومەتی داهاتوو بڵاوکردەوە و تیایدا داوای کردووە بەر لەوەی بۆشایی دەستووری دروست ببێت بەپەلە کابینەی نوێی حکوومەت پێکبهێندرێت.
هاوکات عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، ''لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەشکرد و داوتر لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکرا، ئەوەتا لە ناوەڕاستی شوبات داین، کەچی تا ئێستا کابینەی نوێی حکوومەت پێک نەهێندراوە کە دەبوو لەمیانی ١٥ رۆژدا لە بەرواری دەستلەکار کێشانەوەکە، کابینەی نوێی حکوومەت پێکبهێنرابوایە، زۆر لەو وادەیە دواکەوتین، چونکە لە سەرەتای شوبات-دا، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپێردرا، ئەمەش تەنها قەیرانی پڕۆسەی سیاسی دەرناخات، بەڵکو قەیرانی هێزەکان و دامەزراوە دەستوورییەکانیش لەوبارەوە دەردەخات، گەشبین بووین بە راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی و هەرچی هەوڵ و توانمامان هەیە بۆ پاڵپشتیکردن لە محەمەد تۆفیق عەللاوی خسستوومەتەگەڕ بۆ ئەوەی هەوڵەکانی سەرکوتووبێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت. هەست بەو ئاستانگانە دەکەین کە رووبەڕووی هەمووان بووەتەوە، بەڵام مۆڵەتی دەستووریی کە ماوەکەی ٣٠ رۆژە بۆ بەخشینی متمانە بە وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکوومەت لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لە دووی مانگی داهاتوودا کۆتایی دێت، بۆیە داوا دەکەم بەر لەوەی بۆشایی دەستووری دروست ببێت، بەپەلە کابینەی نوێی حکوومەت پێکبهێندرێت تا بە زووترین کات بتواندرێت هەڵبژرادنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت''.
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق راشیگەیاندووە، ''داوا لە هەمووان دەکەم بە تایبەتیش لایەنە سیاسییەکان ئاسانکاری بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی بکەن تا بتوانێت کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەمی تێپەڕێنێت و کابینەت نوێی حکوومەت پێکبهێنێت''.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا عادل عەبدولمەهدی جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی ئەگەر هەوڵەکانی محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرکەتوو نەبێت و لایەنە سیاسییەکان دوای سێ مانگ نەتوانن ئەو دۆسیەیە یەکلایی بکەنەوە، ئەوا وڵات رووبەڕووی قەیرانێکی مەترسیداردەبێتەوە، چونکە دوای دووی مانگی داهاتوو، ناتوانێت هیچ بەرپرسیاریەتییەک لە ئەستۆ بگرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی نووسیویەتی ''دوای دووی مانگی داهاتوو، پەنا دەبەمە بەر ئەو رێگاچارانەی کە لە دەستوور یان پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران-دا هاتوون، ئامانجم تەنها ئەوەیە یارمەتی سەرخستنی هەوڵەکانی حکوومەتی داهاتوو بدەم و رێگە بەو کەسانەش نەدەم کە دەستوور پێشێل دەکەن و دژبە بەرژەوەندی و سیستەمی دیموکراتی وڵات کار دەکەن''.