"به‌غدا موچه‌ی هه‌ر 12 مانگه‌كه‌ی ساڵی رابردوی بۆ هه‌رێم ناردوه‌"
  2019-02-28       1914       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگه‌یاند؛ بەغدا موچەی هەر 12 مانگەكەی ساڵی 2018ی بۆ هەرێم رەوانە كردوەو هیچ بڕە پارەیەكی موچەی ساڵی رابردوی هەرێم لە بەغدا نەماوە،  دەشڵێت، چاوەڕوان دەكرێت مانگی داهاتو بەپێی یاسای بودجەی 2019 موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكرێت.

ئاوێنه‌: شیروان میرزا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق به‌ میدیای ره‌سمی حزبه‌كه‌ی راگەیاند"بەپێی زانیارییەكانمان ئەو موچەیەی لەهەردو مانگی كانونی دوەم و شوباتی ئەمساڵدا بەغدا رەوانەی هەرێمی كردوەو بڕەكەی 317 ملیار دینار بوە لەسەر حسابی ساڵی 2018 هاتوەو تەواوكەری ئەوەی ساڵی رابردو بوەو  هیچ بڕە پارەیەك بۆ موچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2018 كە بەغدا بینرێت بۆ هەرێم نەماوەو هەر 12 مانگەكە رەوانەی هەرێم كراوە."

وتیشی"تائێستا ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە بەپێی یاسای بودجە ی2019ی عێراق نەكراوە، چاوەڕوان دەكرێت مانگی داهاتو بەپێی یاسای بودجەی 2019 موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكرێت."

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئەوەشی وت"ناردنی موچەكە دەكەوێتە سەر ئەوەی هەرێم و بەغدا بگەنە تێگەیشتنێكی باش كە ئایا هەرێم نەوت رادەستی بەغدا دەكات یاخود نا، تا بەغدا بزانێت لەسەر چ بنەمایەك پارە بۆ هەرێم دەنێرێت."

راشیگەیاند، بڕیارە 5ی مانگی داهاتو كۆبونەوەكانی پەرلەمانی عیراق دەستپێبكاتەوەو  ئەوكاتە وەك ئەندامانی لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆدەبینەوە لەبارەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی 2019.

شیروان میرزا وتیشی"بەپێی راگەیەنراوی ئەنجومەنی نەوتی گازی هەرێم، رادەستكردنی نەوت بە بەغدا رەتناكاتەوە، بەڵام داوای ئەوە دەكات كە دەبێت بەغدا شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم بدات، چاوەڕوانیش دەكرێت هەرێم بۆ ئەو مەبەستە وەفدێك رەوانەی بەغدا بكات، بەڵام بەپێی پێشبینییەكان پێناچێت هەرێم نەوت رادەستی بەغدا بكات، چونكە بەشێك لە نەوتی هەرێم فرۆشراوەو پارەكەی وەرگیراوە، هەروەها لەسەر گرێبەستەكانی نەوتیش لەنێوان هەرێم و بەغدا جیاوازی هەیە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×