گورزێکی کاریگه‌ر به‌ر ئه‌ردۆغان ده‌كه‌وێت
  2020-02-19       2165       
چەندین ساڵە عەبدوڵا گول سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا بێدەنگی هەڵبژاردووە لە بابەتە سیاسییەکاندا، بەڵام لە ئێستادا  ئەو بێدەنگییەی شکاندوه‌ و پشتگیری له‌ پارتەکەی عەلی باباجان ده‌كات.

ئاوێنه‌: عەبدوڵا گول لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی کاراری تورکی بە ئاشکرا بۆ یەکەمجار پشتیوانی خۆی بۆ پارتەکەی عەلی باباجان ڕاگەیاند کە پارتەکەی ئێستا لە قۆناغی ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندندایە. ئەوە لە هەمان کاتدا یەکەم دەرکەوتنی عەبدوڵا گول بوو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و تەنها بە داخستنی دەرگاکان بە ڕووی ئاکەپەدا نەوەستا بەڵکو لە بەرامبەریشیدا وەستایەوە.

گول لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە هیچ بابەتێکدا وەک ئه‌ردۆغان بیرناکاتەوە و وتی ''سیستەمی حوکمڕانی ئێستای تورکیا کە سیستەمێکی سەرۆکایەتییە و هەموو دەسەڵاتەکان لە لای کەسێک کۆکراوەتەوە سیستەمێکی باش نییە و پێویستە تورکیا بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی. تا ئێستا پەرلەمانی تورکیا هێندە بێ بایەخ نەبووە. ئێستا تورکیا هەست بەو نوقسانییە دەکات''.

جگە لەوە گول لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە خۆپیشاندانەکانی گێزی پارک کرد، کە ئەو بابەتە لە دوای بابەتی سیستەمی پەرلەمانییەوە دووەم بابەتە کە زۆر ئه‌ردۆغان ناڕەحەت دەکات. گول سەبارەت بە ڕووداوەکانی گێزی پارک وتی ''ڕووداوەکانی گێزی پارک شکۆی ئێمە”. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەوە لە یاد نەکرێت کە یەکەم ڕای جیاواز لە نێوان گول و ئه‌ردۆغان لە ڕووداوەکانی گێزی پارکەوە دەستی پێکردووە''.

ئەوەی زۆرترین قسەی لەسەر کرا بریتیی بوو لەوەی بۆچی عەبدوڵا گول کاتێکی وەک ئێستای هەڵبژارد بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ باباجان. پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بزانین کە عەلی باباجان تا ئێستا چەند جارێک ڕاگەیاندنی پارتەکەی دواخستووە و ئەوەش ناڕوونی لە لای خەڵکی درووست کردبوو. بەڵام ئەم پشتگیرییەی عەبدوڵا گول بە واتای ئەوە دێت کە ''نیگەران مەبن، کێشە نییە، منیش لە ناو ئەم کەشتییەدام''، و لەو ڕێگەیەوە خەڵکی بە باباجان ئاشتکردەوە. جگە لەوە پەیامەی ئەوە بە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا دەدات کە ئەو پشتیوانی لە باباجان دەکات و لە هەموو جوڵەیەکدا لەگەڵی دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×