وتەبێژی حکومەت: بازرگانێک کە حزبێکی هەیە بۆ خۆدزینەوە لە دانەوەی قەرز خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵک
  2020-02-20       1693       
وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، بازرگانێک کە حزبێکی سیاسیشی دامەزراندووە، بۆ خۆدزینەوە لە دانەوەی قەرز، خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵک.

ئاوێنه‌: کەمێک لەمەوبەر، د. جووتیار عادل، وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە لەبارەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاماژەی بەوە کرد کە بە ئامادەبوونی نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و چەندان وەزیر، کۆبوونەوەیەکیان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ئەنجام داوە.

ڕوونیشی کردەوە کە هەڵمەتێک بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و داواشی لە هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن کرد، هاوکار بن.

هەر لەم پرێس کۆنفرانسەدا وتەبێژی فەرمیی حکوومەت باسی لەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە یەکێک لە بڕگەکانی یاساکە، بابەتی گەڕاندنەوەی قەرزەکانی بازرگانەکانە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ''کەسێک کە بازرگانە و حزبێکی سیاسی دامەزراندووە، بۆ خۆدزینەوە لە دانەوەی قەرز، خۆڵ لە چاوی خەڵک دەکات و بەداخەوە ڕای گشتی بە لاڕێدا دەبات. ئەو کەسە نزیکەی ٧٠ ملیار دینار قەرزاری حکوومەتە و حکوومەت داوای کردووە و کەس ئیستسنا ناکرێت''.

دووپاتیشی کردەوە کە بازرگانە خاوەن حزبە سیاسییەکە ''دەیەوێت بە پارەی خەڵک، خێر بە خەڵک بکات و نەوت دابەش دەکات. ئەگەر پارەکە بگەڕێنێتەوە دەتوانین بەشێکی زۆری سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان دابین بکەین و کاری خزمەتگوزاریی باشی پێ بکرێت. هەروەها کۆمەڵێک سەرپێچیی یاساییشی هەیە کە خۆی لە زەوتکردنی موڵک و ماڵی خەڵک و میریدا دەبینێتەوە و ئێستاش دەیەوێت ناوچەیەکی سەوز داگیر بکات و بیکات بە خانوو''.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×