تەندروستی هەرێم: حکومەت بودجەیەکی کراوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تەرخانکردووە
  2020-02-20       1646       
وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕی تەرخانکراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند، “تەرخانکراوێکی تایبەتە و لە دەرەوەی بوودجەی خۆمانە، بەپێی دەرخستەکانی ئێمە دەبێت و وەزارەتی دارایی ئێمەی سەرپشککردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە”.
 
ئاوێنه‌: لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بڕە بوودجەکە بەپێی داواکاریی و دەرخستەکانی وەزارەتی تەندروستی دەبێت، ئاشکرایشی دەکات کە وەزارەتی دارایی، وەزارەتی تەندروستی سەرپشککردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە.

هاوکات بەرزنجی لە لێدوانێکدا وتی، “سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوودجەیەکی فریاگوزاری تەرخانکردووە بۆ پێداویستییەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕی بوودجەکە بەپێی پێداویستی ئێمە دەبێت، تەرخانکراوێکی تایبەتە لە دەرەوەی بوودجەی خۆمانە، بەپێی دەرخستەکانی ئێمە دەبێت و وەزارەتی دارایی، ئێمەی سەرپشککردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە”.

شایەنی باسە وەزیری تەندروستی جەختی لەوەشکردەوە کە لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان ئامێری پشکنین بۆ گەشتیاران دانراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و وتی، ''بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئامێری پشکنینمان لە فڕۆکەخانە و سنوورەکان داناوە، خۆشبەختانە تا ئێستاش هیچ نەخۆشێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا نییە''.


وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو کە تا ئێستا دەرمانی پێویست لە جیهاندا تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام چارەسەری پاڵپشت هەیە و دڵنیایی ئەوەیشیدا کە ئامادەکارییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە کردووە.

دکتۆر سامان بەرزنجی سەبارەت بە هاوردەکردنی کاڵای چینی و مەترسییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان وتی، ''بەپێی راپۆڕتە نێودەوڵەتییەکان، ئەو کاڵایانەی لە چینەوە دێن، جێگای مەترسی نین و ئێمەش بەوردی چاودێری پڕۆسەکە دەکەین و لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە پەیوەندیداین''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×