شاخەوان عەبدوڵڵا: هێزە عێراقییەکان ئاسانکاری بۆ داعش دەکەن
  2020-02-20       554       
ئەنامێکی لێژنەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق  و حه‌شدی شه‌عبی بە ئاساکاریکردن بۆ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ”تاوانبار“ دەکات.

ئاوێنه‌: شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لێژنەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، بەرپرسیارێتیی شەهید و بریندارکردنی گەنجانی گوندی چەخماخە دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەت و هێزە عێراقییەکان.

شاخەوان عەبدوڵڵا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بە ئاسانکاریکردن بۆ چەکدارانی داعش تاوانبار کردووە، چونکە بەرگریی لە گوندە کوردییەکان ناکەن و رێگاش نادەن خەڵکی ئەو گوندانە چەک بۆ بەرگری لەخۆکردن، بەکاربهێنن.

ئەو ئەندامەی لێژنەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک بەپێویستی دەزانێ هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی خۆیان لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییانی کورد بەجێ بهێنن.

شاخەوان عەبدوڵڵا داوا لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات ”پەلە بکەن“ لە بڵاوەپێکردنەوەی هێزی زیاتر بەتایبەت هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە و پێدانی مافی بەرگری لەخۆکردن بە هاووڵاتییانی سنوورەکە.

شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها داوا لە نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات پەلە بکەن لە چاودێریکردنی گفتوگۆکانی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و هەوڵی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکان بدات.

شەوی سێشەممە 18-2-2020، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی چەخماخە و چوار گەنجی کوردیان شەهید کرد و دووی دیکەیان بریندار کرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×