عێراق گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ ئێران و بەپێچەوانەوە راگرت
  2020-02-20       524       

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ ئێران و بەپێچەوانەوە راگەیاند، ئەوەش دوای راگەیاندنی بونی چەند حاڵەتێكی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران.

ئاوێنە: وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند"هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق(كە یەكێكە لە پێكهاتەكانی وەزارەتی گواستنەوە) بۆ ئێران و بەپێچەوانەوە رادەگەیەنین ئەوەش دوای راگەیاندنی بونی چەند حاڵەتێكی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەندێك ناوچەی ئێران."

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە گەشتەكان لە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20/02/2020ەوە تا كاتێكی نادیار رادەگیرێن.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو بڕیارەیان دوای چەند راسپاردەیەكی وەزارەتی تەندروستی هاتون بۆ گرتنبەری رێوشوێنی پێویست بەمەبەستی بەرگرتن لە هاتنەناوەوە ڤایرۆسەكە بۆ نێو خاكی عێراق.

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو كە بڕیارەكە هەردو فڕۆكەخانەی بەغداو نەجەف دەگرێتەوە جگە لە وەفدە دیپلۆماتكارەكان و ئەو عێراقییانەی ئێستا لەئێرانن بەجۆرێك لەكاتی گەڕانەوەیاندا دەخرێنە ژێر رێكارەكانی پشكنینی پزیشكی لەلایەن تیمەكانی وەزارەتی تەندروستییەوە.

وەزارەتەكە ئامادەیی خۆیشی دەربڕوە بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عێراقیانەی ئێستا لە ئێرانن

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×