پۆلیسی هەولێر رەتیدەكاتەوە هەڕەشەیان لە باوكی كچە هەشت ساڵانەكە كردبێت
  2020-02-20       729       

پۆلیسی هەولێر رەتیدەكاتەوە هەڕەشەیان لە باوكی كچە هەشت ساڵانەكە كردبێت بۆ كشانەوەی داوا یاساییەكەی سەبارەت بەوەی دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر كچەكەی.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەڕونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"دوابەدوای چەند وتەیەكی باوكی کچێکی (٨) ساڵان كە گوایە دەستدرێژیی سێكسی كراوەتە سەر كچەكەی و لە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی بۆ ئەنجام درا، كە تیایدا باسی لەوە كردوە، کەوا پۆلیس هەڕەشەی لێ كردوە بۆ تەنازولكردن لە داوا یاساییەكەی، بەڵام ئێمە وەك پۆلیسی هەولێر، لێرەوە سەرلەبەری ئەم بابەتە ڕەتدەكەینەوە كە ئێمە هەڕەشەمان لە هیچ كەسێك کردبێت بۆ تەنازولكردن لە داوا یاساییەكەی، ئەو پەڕاوەشمان كۆتایی پێهێناوە و ڕەوانەی دادگامان كردوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەدەرئەنجامی ئەم داوا یاساییەدا سێ كەسمان دەستگیركردوەو ڕوبەڕوی یاسامان كردونەتەوە."

پۆلیسی هەولێر وتوشیەتی"جگەلەوەش، سات بە ساتی لێكۆڵینەوەكانیشمان، دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤمان لێ ئاگاداركردۆتەوەو لەنزیكەوە زانیاریی تەواویان لەسەر ئەم كەیسە هەیە، ئەگەر هەر پۆلیس یان ئەفسەرێكیش، هەڕەشەی تەنازولكردنی لەهەر داوایەكی یاسایی لەهەر دادخوازێك بكات، ئەوا مافی خۆیەتی داوای یاسایی لەسەر ئەو پۆلیسە یان ئەو ئەفسەرە تۆمار بكات، بەڵام بە بەڵگەوە بێت، چونكە پۆلیس چۆن جێبەجێكاری یاسایە، لەهەمان كاتیشدا ئەو یاسایە بەسەریدا بێ جیاوازی جێبەجێ دەكرێت."

دوێنی چوارشەممە، باوكی ئەو كچە هەشت ساڵانە رایگەیاند، پۆلیس هەڕەشەی لێكردوە تا داوا یاساییەكەی كە تۆماریكردوە سەبارەت بە دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر كچەكەی، بكشێنێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×