ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین لەهەڵكشاندایە
  2020-02-21       877       

بەرپرسانی تەندروستی چین، ئەمڕۆ هەینی رایانگەیاند كە ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گەیشتۆتە دو هەزارو 236 حاڵەت و بەرپرسانی كۆریای باشوریش دەڵێن، ژمارەی توشبون بە ڤایرۆسەكە لەوڵات بۆ 156 حاڵەت بەرزبۆتەوە.

ئاوێنە: لیژنەی تەندروستی لە هەرێمی هۆبی لە چین، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، ئاماری گیان لە دەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەوڵات بۆ دو هەزارو 236 حاڵەت بەرزبۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 115 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە لەو هەرێمەی چین تۆماركراون.

لیژنەی تەندروستی هەرێمی هۆبی، وتیشی، زۆربەی ژمارەی ئەوانەی لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا گیانیان لەدەستداوە، لە شاری وهان، ناوەندی هەرێمەكە تۆماركراون.

لیژنەكە ئاشكراشیكردوە كە لەماوەی 24 سەعاتی رابردو، لە وهان 411 حاڵەتی نوێی توشبون بە ڤایرۆسەكە تۆماركراون لەكاتێكدا لەتەواوی ناوچەكانی دیكەی هەرێمی هۆبی تەنیا 92 حاڵەتی نوێ تۆماركراون.

لەلایەكی دیكەوە بەرپرسانی تەندروستی لە سیئۆل، ئەمڕۆ هەینی رایانگەیاند، ژمارەی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆریای باشوری بۆ 156 كەس بەرزبۆتەوە، ئەوەش دوای دڵنیابون لە تۆماركردنی 52 حاڵەتی نوێی توشبون بە ڤایرۆسەكە.

بەوەش تا ئەمڕۆ نزیكەی 75 هەزار حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسەكە لە چین تۆماركراون و سەدان حاڵەتیش لە زیاتر لە 25 وڵات تۆماركراون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×