"لەناو ئەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە سۆران، هیچ حاڵەتێكی گوماناوی تۆمار نەكراوە"
  2020-02-22       597       
بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئاشتی/سۆران رایدەگەیەنێت "لەناو ئەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە سۆران، هیچ حاڵەتێكی گوماناوی تۆمار نەكراوە".

ئاوێنە: ئاماژە بەوەشكراوە: "بۆ پشكنینی ئەو هاووڵاتیانەی لە ئێران گەڕاونەتەوەو لە دوو هۆتێلی شاری سۆران نیشتەجێكراون، دوو تیمی پزیشكی پێكهێنراون و تائێستا هیچ حاڵەتێكی گوماناوی تۆمار نەكراوە".

بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران روونیكردووەتەوە: "دوای گەڕانەوەی سەدان هاووڵاتی بە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، لە دوو هۆتێلی شاری سۆران نیشتەجێكراون، بۆ ئەم مەبەستە دوو تیمی پسپۆری پزیشكی، لەژێر سەرپشتی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی پێكهێنراون، پشكنین بۆ هەموو ئەو كەسانە كراوە كە لە ئێران گەڕاونەتەوە. خۆشبەختانە لە پشكنینەكاندا هیچ حاڵەتێكی گوماناوی تۆمار نەكراوەو پێویست بە دڵەڕاوكێ‌ ناكات".

ھاوكات كرمانج عزەت، قایمقامی سۆران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە: "دوای ئەوەی ئێجرائاتی ھاتن و چوون لە مەرزەکان بۆ وڵاتی ئێران وەستێنرا، بۆ گەڕانەوەی ھاونیشمانیان ئەبێ ھەر کەس بگەڕێتەوە کوردستان، بە پشکنینی سەلامەتی دا بچێ، بۆ دڵنیا بوون لە ھەڵنەگرتنی ڤایڕۆسەکە، کە ئەوەش بۆ بەرژەوەندی یەکە یەکەی ھاووڵاتییانی کوردستانە".

جەخت لەوەش دەکاتەوە: "ھاووڵاتییانی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە، کە ھیچ مەتریسەک نییە و تەنیا ئیجرائاتی خۆپارێزیە و بۆ بەرژەوەندی ھەموومانە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×