سەرکردەی رەوتی سەدر هەرەشەی خۆپیشاندانی ملیۆنی دەکات
  2020-02-22       399       
ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٠، موقتەدا سەدر، سەرکردەی رەوتی سەدر رایگەیاند کە خۆپیشاندانی ملیۆنی لە دەوروبەری ناوچەی سەوز ئەنجام دەدەن.
 
ئاوێنه‌: سەدر لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی ئاشکرای کرد، “ئێمە وەکو تاکێکی خێزانی عێراقی ستەملێکراو، داوا دەکەین کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زووترین کات کۆببێتەوە و دەنگبدات لەسەر کابینەی نوێ و دوور لە دابەشکاری سیاسی حکوومەت. بۆ ئەوەی ئەو کابینەیە بتوانێت کەشێکی گونجاو ساز بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە شێوەیەکی شەفافانە، جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و دادگایی کردنی گەندەڵکاران، بکوژانی خۆپیشاندەران و پارێزەرانی ستەمکاران”.

هاوکات سەرکردەی رەوتی سەدر وتیشی، ''ئەگەر ئەم هەفتەیە دەنگ نەدرێت بە کابینەی نوێ و کابینەکە لە ئاستی داواکارییەکانی گەل و مەرجەعیەتی عێراق نەبێت، ئەوا دەردەچین بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ملیۆنی و تا دەگاتە ئەوەی شەو و رۆژ چواردەوری ناوچەی سەوز بە خۆپیشاندەرانەوە دادەپۆشین''.

لە کۆتاییدا سەدر وتی، ''تەنها بە دروست کردنی پەستان دەتوانین عێراق رزگار بکەین لە دەست کەسانی گەندەڵ، نەتەوەپەرست و رەگەزپەرست''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×