ئێران..ژمارەی ئەوانەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە شەش كەس
  2020-02-22       632       

پارێزگاری پارێزگای "مەركەزی" ئێران گیانلەدەستدانی توشبویەكی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكە راگەیاند، بەوەش ژمارەی ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە لە ئێران گیانیان لەدەستداوە گەیشتە شەش كەس.

ئاوێنە: عەلی ئاغازادە، پارێزگاری پارێزگای "مەركەزی"، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران(ئیرنا)ی راگەیاند، كەسێك لە پارێزگاكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە.

بەمردنی ئەو كەسە ژمارەی ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە لە ئێران گیانیان لەدەستداوە بەرزبۆتەوە بۆ شەش كەس.

شاری ئەراك، ناوەندی پارێزگای "مەركەزی" ئێرانەو پێشتر راگەیەندرابو كە چەند حاڵەتێكی توشبون بە ڤایرۆسەكە لەو شارە تۆماركراون.

عەلی ئاغازادە، وتوشیەتی، هەر ئەمڕۆ شەممە، پشكنین بۆ سێ كەسی دیكە كراوە كە گومان دەكرێت توشی ڤایرۆسەكە بوبن.

هەروەها باسی لەوەش كردوە كە پزیشكێك لە پارێزگاكە كە توشی كۆرۆنا بوە، دۆخی بەرەو باشی دەڕوات.

تا كۆتایی ئەم هەفتەیە لەسەرجەم قوتابخانەو ناوەندەكانی خوێندن و شوێنە وەرزشییەكان كراوەتە پشو.

تا ئێستا ئێران رایگەیاندوە، 28 حاڵەتی توشبون بە كۆرۆنا لە وڵاتەكە تۆماركراوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×