دوای بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لەوڵاتی ئێران لەئێستادا ئەو هاوڵاتیانەی کە لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە لەسنوری گەرمیان دەگەڕێنەوە کوردستان، رادەگیرێن و لەجێگایەکی تایبەتدا دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشکییەوە.
ئاوێنە، ئەیاد محەمەد: لەڕاگەیەنراوێکدا قایمقامیەتی قەزای کەلار رایدەگەیاند"تا ئێستا ٥١ هاوڵاتی کە لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەرویزخانەوە گەڕاونەتەوە کوردستان راگیراون ئێستا لەیەکێک لە ئوتێلەکانی کەلار لەژێر چاودێری تەندروستیدان."
لەراگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە"سەرجەمی ئەو راگیراوانە تا ئێستا هیچ نیشانەیەكی ئەو نەخۆشیەیان تیادا تۆمارنەکراوە، بەڵام بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەبێت ١٥ رۆژ لەژێر چاودێری تەندروستیدا بن بۆ دڵنیابون."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ(شەممە) شەهاب حاجی ئەحمەد، قایمقامی قەزای کەلار بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربون لە رەوشی تەندروستیان و جێبەجێکردنی داواکاری و پێداویستییەکانیان ئەو راگیراونەی بە سەر کردۆتەوە.
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە لەمەرزی مەنزریە لەسنوری قەزای خانەقین ئەو هاوڵاتیانەی کە دێنەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو ماوەیە راناگیرێن و ناخرێنە ژێر چاودێری پزیشکییەوە.