2020-02-23   796     
هۆزی ئالبو جەیاش لە سنووری پارێزگای موسەننا باشووری عێراق بڕیاریدا کە وەک گرتبەری رێوشوێنێک بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئیتر لە بۆنەکاندا بە ماچکردن پێشوازی لە میوانەکان نەکەن و تەنها تەوقەیان لەگەڵدا بکات.
لەوبارەوە ئەندامی دەستەی هزر لە هۆزی ئالبو جەیاش، مەنافی جەیاشی لە لێدوانێکدا تی، ''سەرۆک هۆزەکەمان، راجح رەحیم لە ترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەبڕیارێک دابونەریتی پێشوازیکردن لە میوانەکان بە ماچکردن لە سەرجەم بۆنەکان لەنێو هۆزەکەماندا هەڵوەشاندووەتەوە و تەنها رێگە دەدرێت تەوقە لەگەڵ میوانەکان بکرێت''.
مەنافی جەیاشی ئەوەشی وت، ''سەرجەم ئەندامانی هۆزەکەمان بەم بڕیارە خۆشحاڵن، جگە لەوەش پاڵپشتی لە رێوشوێنەکانی حکوومەت دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە ترسناکە''.
لە عێراق و وڵاتانی دیکە لە کاتی بۆنە و پێشوازیکردن لە میوانەکاندا، گرنگی زۆر بە ماچکردن دەدرێت.
پپێشتر عێراق رايگەياند بەهۆى مەترسی بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسی کۆرۆناوە، دەراوزە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران داخستووە.
هەروەها وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رايگەيانووە کە هەر بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسی کۆرۆناوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانييەكانى لەگەڵ ئێرانی هەڵپەساردووە.