تەندروستی كەركوك توشبونی هاوڵاتییەك بە كۆرۆنا رەتدەكاتەوە
  2020-02-23       784       

فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای كەركوك هەواڵی توشبونی هاوڵاتییەكی گەڕاوەی لە ئێران بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رەتكردەوەو دەشڵێت؛ هیچ حاڵەتێكی توشبون بە ڤایرۆسەكە لەپارێزگاكەیان بونی نییە.

ئاوێنە: فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، ئەمشەو(یەكشەممە)، لەرونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، ئەو هەواڵە رەتدەكەنەوە كە لەهەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە باس لە تۆماركردنی حاڵەتێكی توشبون بە كۆرۆنا لە شاری كەركوك دەكات.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هاوڵاتییەكی عێراقی كە لە ئێران گەڕاوەتەوە كەرەنتین كراوە لە شوێنێكی جیاكراوەدا لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك نەك وەك ئەوەی باس كراوە لە توشبوی كۆرۆنا بێت و لە نەخۆشخانەی "حەی نەسر" بێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە جیاكردنەوەی ئەو هاوڵاتییە بەگوێرەی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستییەو نەخۆشخانەی "حەی نەسر"یش بەشێوەیەكی ئاسایی كاری خۆی دەكات و پێشوازی لە نەخۆش دەكات و شوێنێكی بۆ كەرەنتینكردن لە "گەڕەكی پیشەسازی" دروست دەكرێت.

فەرمانگەكە جەختیشی كردۆتەوە كە لەكەركوك هیچ حاڵەتێكی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بونی نییەو داواشی لە هاوڵاتیان كردوە باوەڕ بە دەنگۆ و پاگەندەكان نەكەن بەڵكو پشت بە سەرچاوە رەسمییەكان ببەستن بۆ گەیشتن بە زانیارییە تەندروستییەكان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×