لە زنجیرە تەقینەوەکانی بەغدا ١٠ کەس گیانی لەدەستدا
  2020-02-24       652       

فەرماندەیی پۆلیسی بەغداد رایگەیاند، لە ئاکامی زنجیرەیەک پەلامار و تەقینەوە لە شاری بەغدا و پارێزگای دیالە، ١٠ کەس کوژراون و برینداربوون کە ژمارەیەکیان کارمەندی ئەمنیین.
 
ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی پۆلیسی بەغداد بڵاویکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆی پەلامارێکەوە لە ناوچەی بەتول باشووری بەغدا، یەک پۆلیسی هاتوچۆ کوژراوە، هەروەها لە پەلامارێكی دیکەدا لە ناوچەی نەسر رۆژهەڵاتی بەغدا، یەک مەدەنی کوژراوە.

هاوکات بەپێی راگەیەندراوەکە لە پەلامارێکی دیکەدا کە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا ئەنجامدراوە، فەرمانبەرێکی سەربە وەزارەتی پەروەردە کوژراوە و لەئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە ناوچەی لەتیفییە باشووری بەغدا و پەلامارێکی چەکداری لە ناوچەی کەڕادە ناوەڕاستی بەغدا، سێ مەدەنی برینداربوون.

شایەنی باسە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکرد کە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو پەلامارێکیان لە پارێزگای دیالە ئەنجامداوە کە بەهۆیەوە یەک مەدەنی کوژراوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد کە ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردووەتە سەر خاڵێکی ئەمنی لە باکووری رۆژهەڵاتی دیالە و لەئاکامدا، سێ پۆلیس برینداربوون.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر وەزارەتی بەرگریی عێراق کوژرانی دوو چەکداری داعشی لە سنووری پارێزگای دیالە راگەیاندبوو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×