سەرۆک کۆماری عێراق بەپەلە لەگەڵ وەزیری تەندروستی و ژینگە کۆدەبێتەوە
  2020-02-24       507       
به‌رهه‌م ئەحمەد ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی کرد لە جەعفەر سادق عەلاوی، وەزیری تەندروستی و ژینگە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە دیدارەکەدا، باس لە پلانی وەزارەتی تەندروستی کراوە لە گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپاراستن و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.

به‌رهه‌م ئەحمەد ساڵح جەختی لە گرنگی رووبەڕوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە گواستراوەکان و ئامادەکاری پێویست بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق کردەوە، ھەروەھا دووپاتی لە پێویستی پێشخستنی سەنتەر و دامەزراوەکانی تەندروستی و گرتنەبەری گشت رێوشوێنی خۆپارێزی کردەوە کە دەبنە هۆی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان.

لەلای خۆیەوە وەزیری تەندروستی، جەعفەر سادق عەلاوی باسی لە پلانەکانی وەزارەتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەنگاوەکانی پاراستنی هاووڵاتییان لە تووشبوون بەو پەتایە کرد لەپێناو دابینکردنی ژینگەیەکی شیاو و گونجاو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×