کیتی دەستنیشانکردنی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گەیشتە هەرێم
  2020-02-24       959       


وەزیری تەندرووستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''کیتی دەستنیشانکردنی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گەیشتە هەرێمی کوردستان''. 

 ئاوێنه‌: لە روونکردنەوەیەکیدا دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە کیتی تایبەت بە دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گەیشتووەتە هەرێم و لەئێستادا بەردەستە بۆ بەکارهێنان.

هاوکات ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی شوبات، سامان بەرزنجی کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانی سازکرد و رایگەیاندبوو، ''خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ کەسێک تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە، هاوکات بەدواداچوونی زیاتر دەکەین ئەگەر هاتوو گومانلێکراوێک هەبێت، ئەگەر دەرکەوت تووشبووە ئەوکات وەزارەتی تەندروستی بە فەرمی رایدەگەیێنێت''.

لەلایەکی دیکەوە بەرزنجی وتبووی، “١٣ شوێن لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە کەرەنتین دانراوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە، ئەمانە بۆ ماوەی ١٤ رۆژ لەژێر چاودێریدا دەبن، لە هەموو دونیاش ئەو رێوشوێنە پێویستانە دەگیرێنەبەر، چونکە لەو قۆناخەدا دۆزینەوە و جیاکردنەوەی گومانلێکراو زۆر گرنگترە لەوەی بێتە نێو کۆمەڵگا”.

ئەو راشیگەیاندبوو کە تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوو، هەزار و ٢٤٩ گەشتیار لە وڵاتی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرجەمیشیان لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×