نەجەف..دوای تۆماركردنی حاڵەتێكی توشبون بە كۆرۆنا، تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵ دواخران
  2020-02-24       550       

وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆماركردنی حاڵەتێكی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەجف پشتڕاستدەكاتەوەو پەروەردەی نەجەف-یش تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵی خوێندكارانی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامی ئەو پشكنینانەی ئەمڕۆ بۆ خوێندكارێكی زانستییە ئاینییەكان لە نەجەف كراون و خاوەنی رەگەزنامەی ئێرانییە، دەركەوتوە كە ئەو كەسە توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنایە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئەو كەسە لەوانەیە كە بەر لە بڕیاری شانەی قەیران بۆ راگرتنی هاتوچۆ لەنێوان عێراق و ئێراندا هاتۆتە وڵات.

لەلایەكی دیكەوە بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رەسمی عێراق، دوای تۆماركردنی ئەو حاڵەتە، پەروەردەی نەجەف بڕیاریداوە بە دواخستنی تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵی خوێندن بۆ كاتێكی نادیار ئەوەش لەپێناو سەلامەتی خوێندكاراندا.

بەر لە وەزارەتی تەندروستی، ئەمڕۆ دوشەممە، فەرمانگەی تەندروستی نەجەف تۆماركردنی حاڵەتێكی توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكە راگەیاندبو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×