وەزارەتی پێشمەرگە: وەزارەتی بەرگری عێراق بڕیاری دا بە ناردنی شایستە داراییەكانی پێشمەرگە
  2020-02-24       640       

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتونەتە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی لیژنە هەمیشەییەكانی نێوانیان و وەزارەتی بەرگری عێراقیش بڕیاری داوە شایستە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ ساڵانی 2019 و 2020 و ساڵانی دواتریش بنێرێت.

ئاوێنە: وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە، رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە ٢٤/٢/٢٠٢٠ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عیراق، گەیشتنە رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی لیژنە هەمیشیەکانی نێوانیان و لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە بڕیار درا شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگه بۆ ساڵەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و ساڵانی دواتریش بنێردرێت.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزیری بەرگری حکومەتی ناوەندی بە "هەنگاوێکی بوێرانەو سەرەتایەکی باشی پتەوکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا" لەقەلەم داوە و وتوشیەتی"بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن عیراقەوە، جێگەی پێزانینی زۆر و پابەندبونی نیشتیمانیانەیە بەدەستوری هەمیشەیی."

وەزارەتی پێشمەرگە وتوشیەتی"لەکاتێکداو لەساڵانی رابردو، هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لەسیستمی بەرگری عێراق، بێبەش کرابو لەو شایستە داراییانەی کە مافی خۆی بون، لەئێستاشدا بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکان و جێبەجێکردنی، گەڕاندنەوەی متمانەو پەرەدانی زیاتر دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ئامادەسازی باشتریش  بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان."

جەختیشی كردۆتەوە كە "وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەستپێشخەری کردوە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، کە دەرئەنجام سەقامگیری و ئارامی ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە، ئەو لێکتێگەیشتنەی ئێستاش لەئارادایە بە ئاڕاستەیەکی دروست هەنگاو دەنێت."

هەروەها وتوشیەتی، کۆبونەوەی ئەمڕۆ وەفدی باڵای نێوان هەردو وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و وەفدی  وەزارەتی بەرگری فیدڕاڵ، بەسەرۆکایەتی نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگری عیراق، کۆبونەوەیەکی سەرکەوتو و قبوڵکراوی هەردو لایەن بو، وێڕای بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکان، بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنە هەمیشیەکانی نێوان هەردولا رێگای چارەسەری تەواوی کێشەو گرفتە هەڵواسراوەکان کورتترو خێراتر دەکاتەوە.

ئاشكراشیكردوە"وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لەهاتنی وەفدی باڵای وەزارەتی بەرگری عیراق دەکات، کە بڕیارە بەم نزیکانە سەردانی هەولێر بکەن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×