سێ سەرۆكایەتییەكەی هه‌رێم و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان: هەنگاوەكانی عەلاوی جێی متمانە نین
  2020-02-24       1221       

سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان لەكۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا گەیشتونەتە چەند دەرئەنجام و دەڵێن: ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تا ئێستا له‌لايه‌ن محەمەد تۆفیق عه‌لاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوەوە نراون  نراون بۆ زۆرێك له لايه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنيايى و متمانه‌ نين.

ئاوێنە: ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 24/2/2020 به‌ سه‌رۆكايه‌تی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بونى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركرده‌ى لايه‌نه‌ سياسييه سه‌ره‌كييه‌كان، به‌ به‌شداريى شاندى دانوستانكارى هه‌رێمى كوردستان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى داهاتوى حكومه‌تى فيدرالى عێراق، كۆبونه‌وه‌يه‌ك ئه‌نجام درا.

كۆبونه‌وه‌كه‌ تايبه‌ت بو به‌ خستنه‌ڕوى ده‌ره‌نجامه‌كانى سه‌ردانى شاندى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ عێراقييه‌كان و محه‌مه‌د عه‌للاوى، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوی عێراق.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، دواى گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌نجامى سه‌ردانى شانده‌كه‌، له‌ ڕوانگه‌ى په‌رۆشى بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى ئێستاى عێراق و به‌شدارييه‌كى كارا له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، كۆبونه‌وه‌ گه‌يشته‌ ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌ى خواره‌وه‌:

1- كار بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێك ده‌كه‌ين كه‌ تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئێستاى عێراقى هه‌بێت و كارى جددى بۆ گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى بۆ عێراق و ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بكات و جێگه‌ى بڕوا و متمانه‌ى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بێت.

2- ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تا ئێستا له‌لايه‌ن به‌ڕێز عه‌لاوييه‌وه‌ نراون بۆ زۆرێك له لايه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنيايى و متمانه‌ نين، بۆيه‌ داوا ده‌كه‌ين كه‌ پێويسته‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ شێوازى كار و به‌رنامه‌كه‌يدا بكرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ حكومه‌تى ئاينده‌ داخوازيى هه‌مو پێكهاته‌كانى عێراق، بهێنێته‌ دى.

3- داكۆكى و پێداگرى له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستوريى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستورييه‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ينه‌وه‌‌، پێكهاته‌كانى كوردستان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها لايه‌نى شه‌رعيى بڕيارده‌رن له‌ ده‌ستنيشانكردنى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكومه‌تى فيدرالى له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شيى ڕاسته‌قينه‌ى نيشتمانى و هاوسه‌نگى و سازان.

4- ئێستا عێراق ڕوبه‌ڕوى ته‌حه‌دياتى گه‌وره‌ى ناوخۆيى و ده‌ره‌كى بوه‌ته‌وه‌ و به‌ وه‌رچه‌رخانێكى مه‌ترسيدارى مێژوييدا تێده‌په‌ڕێت، بۆيه‌ داوا ده‌كه‌ين كه‌ پێويسته‌ سه‌ركرده‌ سياسييه‌كانى عێراق له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنيشن و بگه‌نه‌ بڕيارێكى يه‌كگرتوى نيشتمانى.

5- له‌پێناو هێنادى ئه‌م ئامانجانه‌دا، شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى ديكه‌ى عێراق، له‌ گفتوگۆ و ڕاگۆڕينه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×