2020-02-25   2882     
پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدهگهیهنێت: ''دوای رەتکردنەوەی گوشارەکانی یەکێتی نیشتمانی و پارتی لەلایەن محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ دانانی وەزیرە حیزبییەکانیان ژمارەیهک لە پارتە کوردییەکان بریاریان داوە پشتیوانی کابینەکەی بکەن''.
ئاوێنه: ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە شاندی یەکێتی و پارتی لەبەغدا شکستیان هێناوە لەوەی بڕوا بە عەلاوی بهێنن وەزیری حیزبی سەر بەخۆیان لە کابینە وەزارییەکەیدا دابنێن.
ناوبراو هەروەها دەڵێت: پەرلەکانتارەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و پارتە کوردییەکانی تر جگە لە ئەندامانی هەردوو حیزبەکە گەیشتوونەتە بەغدا بۆ ئەوەی لە دانیشتنی پێدانی متمانە بە کابینەکەی عەلاوی بەشداری بکەن.
ئەو باسی لەوەش کردووە، کە لەبەر ئەوەی عەلاوی نەکەوتە ژێر گوشارەکانی یەکێتی و پارتی بۆ دانانی وەزیری حیزبی، بۆیە لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران هەموو پارتە کوردییەکان جگە لە هەردوو پارتە دەسەڵاتداری هەرێم پشتیوانی کابینەکەی عەللاوی دەکەن.
هەروەها جەختیشی کردووەتەوە، یەکێتی و پارتی لە دانانی وەزیرەکانیان لەسەر بنەمای پشکپشکێنە شکستیان هێناوە.