"لەماوەی کەمتر لە ساڵێک هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام دەدەن"
  2020-02-25       389       
محەمەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەڵێنی دا کە حکوومەتەکەی لەمیانی وادەیەکی دیاریکراودا کە ماوەکەی لە ساڵێک تێنەپەڕێت، هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە (ئەنجوومەنی نوێنەران) ئەنجام بدات.

ئاوێنە: محەمەد تۆفیق عەللاوی تویتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی نووسیووە "بەندی یەکەم لە بەرنامەی حکوومەتەکەم، بریتییە لە هەنگاوانان بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و پێشوەختە کە لەمیانیدا گەل نوێنەرایەتی خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو هەڵدەبژێریت".

راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ئەوەشی نووسیووە "حکوومەتی داهاتوو پابەندە بە دابینکردنی پاڵپشتی تەواو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد، پاک و بێگەرد لە نزیکترین وادە دا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ئەنجوومەنی نوێنەران دیاری دەکەن".

محەمەد تۆفیق عەللاوی راشیگەیاندووە "جەخت دەکەینەوە لەوەی دەبێت کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە دیارکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە ئاگادارمان بکاتەوە کە نابێت لە ئەمڕۆوە ماوکەی لە ساڵێک تێپەڕبێت".

چاوەڕان دەکرێت رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنێکی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر بەخشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت، ساز بکات.

دوێنێ دووشەممە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو کە دانیشتنی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر بەخشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ساز دەکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×