ساڵح موسلیم بۆ ئاوێنە: ناتوانم كشانەوەی ئەمەریکا لەڕۆژئاوا بەخیانەت بەرامبەر بەکورد ناوبەرم
  2018-12-21       1078       
ساڵح موسلیم، بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک -تەڤدەم

ساڵح موسلیم، بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک “تەڤدەم”و هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە لەم گفتوگۆیەدا کە لەلایەن رۆژنامەنوس (ئومێد ئاکار) تایبەت بۆ رۆژنامەی La Marsaeilleی فەرەنسی‌و سایتی ئاوێنەی ئەنجامداوە، دەڵێت “ئەم بڕیارە ئێمە روبەڕوی هەڕەشەی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوا دەکاتەوە، دەوڵەتی تورکیا‌و دا‌عش وەک یەکن‌و هیچ جیاوازیان نیە “.

 

ئا: ئومێد ئاکار 

 

ئاوێنە: ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی داوە لەڕۆژئاواو سوریا، سەبارەت بەم بڕیارە هەڵوێست‌و کاردانەوەی ئێوە چیە؟ساڵح موسلیم: بەڵێ ئەو بڕیارە نەخوازراو بوو بۆ ئێمەو تەواوی خەڵک لەکاتێکدا شەڕی دژ بەتیرۆریستانی داعش کۆتایی نەهاتوە ، بەڵام بڕیاری خۆیانەو لەبەرژەوەندی خۆیان بڕیار دەدەن، ئێمە ناتوانین بڵێین نا چونکە ئەوان بەکەیفی خۆیان مامەڵە دەکەن لە گەڵ دۆخەکە . ئاوێنە: پێتان وانییە بەم بڕیارە ئەمریکا جارێکیتر خیانەتی لەکورد کردوەو کوردی فرۆشتوە؟

ساڵح موسلیم: ئەوە خیانەت نیە، چونکە هیچ بەڵێن‌و سۆزێک لەنێوانمان نەبوە تا وەک ئەو بەڵێنە مامەڵە بکەین، بۆیە ناتوانم بڵێم خیانەتە لەوبارەیەوە، ئەمریکا بۆ پاراستنی ئێمە نەهاتوەو ئێمەش بانگەوازمان نەکردوە بەفریامان کەوێ‌و بەهانامانەوە بێ،.بەڵکو ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی خۆی هاتوەو کاربەڕێکردنی خۆیانە، بەڵێ ئێمەو ئەمریکا هاوکار بوین. 

 

ئاوێنە: پاش ئەم بڕیارە هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) چی دەکات‌و وەڵامی چی دەبێ؟

ساڵح موسلیم: قەسەدە فەرمانی خۆی بەجێدێنێ‌و کاری خۆی دەکات، بەڵام ئەم بڕیارە ئێمە روبەڕوی هەڕەشەی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوا دەکاتەوە، جا ئێوە باش دەزانن دەوڵەتی تورکیا‌و دا‌عش وەک یەکن‌و هیچ جیاوازیان نیە، هێرشی تورکیا گەلێک چاوەڕوانکراوە وەک پێشتر بینیتان چی تاوانێک خوڵقا لەکاتێکا یەپەگە و یەپە ژە ماڵی خۆی دەپارێزێ، هێشتا جیاوازی نەکراوە لەنێوان دا‌عش‌و تورکیا، هەردوکیان گرێدراوی یەکن . 

 

ئاوێنە: ڕاگەیاندنە کانی تورکیا وا نیشان دەدەن کە ئەم بڕیارە پەیوەندی بەکڕینی چەکەوەیە لەلایەن تورکیاوە بەبڕی پارەیەکی زۆرو ترەمپ‌و ئەردۆغانیش بەر لەبڕیارەکە پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەمە چییە؟

ساڵح موسلیم: بەڵێ ڕاستە بڕی سێ ملیارو نیو دۆلار بۆ چەک لەلایەن تورکیاوە تەرخان کراوەو لە ڕۆژئاوا بەکاریدەهێنن، بەیەکەوە گرێبەست واژۆ دەکەن‌. 

 

ئاوێنە: فەرنسا رایگەیاندوە سوپاکەی ناکشێنیتەوە لەرۆژئاواو سوریاو ئەمڕۆش نوێنەری ئێوە لەفەرەنسا لەگەڵ ماکرۆن کۆبونەوە، ئەم بڕیارەی فەرەنسا کاریگەریی چی دەبێ؟

ساڵح موسلیم: فەرەنساو زۆربەی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا ڕەزامەند نین بەکشانەوەی ئەمریکاو ئەو بڕیارەی ترەمپ بەلایانەوە جێگەی قبوڵ نیە، کە ئەمەش شتێکی باشە بۆ ئەوەی سوریای دیموکرات پشتگوێ نەخرێ بۆ کۆتاییهێنان بەداعش، کشانەوەی ئەمریکا بەقازانجی مانەوەو سەرهەڵدانەوەی داعشە. مانەوەی فەرنساش، راستە وەک ئەمریکا نیە ئێمە گەشبینین کە دەستبەرداری ئێمە نابن‌. فەرەنسا هەڵوێستی تا ئێستا باشە. 

 

ئاوێنە: دەنگۆی ئەوە هەیە سوپای سوریاو ئێران هێرش دەکەنە سەر دیرزورو ئایا پێشبینی ئەوە دەکەن؟

ساڵح موسلیم: زانیاری تەواوم لەمبارەوە نییە، رەنگە سوریاو ئێران‌و تورکیا لەدەرفەت بگەڕێن، بەڵام هەموو دەزانن ئەو هەرێمانەی ئێمە رزگارمان کردون، لەحاڵی هەر دەستدرێژیەک بۆ سەریان وەڵام‌و بەرخودانمان لەدژی دەبێت، بەرخودان مافی رەوای ئێمەیە. 

 

ئاوێنە: پاش ئەم بڕیاری کشانەوەیەی ئەمەریکا بیر لەگفتوگۆ لەگەڵ سوریاو روسیا ناکەنەوە؟

ساڵح موسلیم: ئێمە بۆ دیالۆگ ئامادەین، ئەوان پێشتر هێزیان لێرە هەبوەو هاوکار بوین، بەڵام لەڕوی سیاسی ئێمە جیاوازین‌و بڕیاری سیاسی ئیمە بڕیاری خۆمانە، هیچ کات سیاسەتی ئێمە لەدەست ئەمریکاو روسیاو هیچ وڵاتێکدا نەبوە، بەڵکو بەرژەوەندی گەلی ئیمە چی بخوازێ سیاسەتمان بەرژەوەندی گەلمانە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×