شه‌ره‌فخان
  2020-02-25       1204       
ئا: سه‌ڵاح سالار

1
نووسه‌ری كتێبی مێژوویی (شه‌ره‌فنامه‌)یه‌،
به‌ یه‌كه‌مین مێژوونووسی كورد دێته‌ هه‌ژمار،
هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌ میره‌ گه‌وره‌كانی گه‌لی كورد.

2
شه‌ره‌فخان، كوڕی شه‌مسه‌دین كوڕی میر شه‌ره‌فه‌،
له‌ ڕۆژی 25ی شوباتی 1543 له‌ قوم له‌دایكبووه‌،
خۆیان خه‌ڵكی شاری به‌تلیسی باكووری كوردستانن،

3
به‌هۆی ئه‌وه‌ی میر شه‌مسه‌دینی باوكی شه‌ره‌فخان،
په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سوڵتانی عوسمانی تێكه‌ده‌چێت،
ڕوو ده‌كاته‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وییه‌كان،
شا ته‌هماسب پێشوازیی لێده‌كات.

4
ده‌سه‌ڵاتی شاری قوم ده‌درێت به‌ میر شه‌مسه‌دین،
به‌وهۆیه‌وه‌ میر شه‌ره‌فخان له‌وێ هاتووه‌ته‌ دونیاوه‌.
شا ته‌هماسب شه‌ره‌فخان ده‌باته‌ ژێر چاودێریی خۆی،
په‌روه‌رده‌یه‌كی شاهانه‌ی ده‌كات.

5
كاتێك باوكی واز له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وی ده‌هێنێت،
شا ته‌هماسب له‌سه‌ر داوای هۆزی ڕۆژه‌كیه‌كان،
شه‌ره‌ه‌فخان له‌ ته‌مه‌نی 12 ساڵیدا ده‌كاته‌‌ میر،
دواتر ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی هه‌مه‌دان.

6
دواتریش ده‌كرێته‌ میری شێروان و چه‌ند ناوچه‌یه‌ك،
ئاستی هۆشیاریی و كه‌سایه‌تیی به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌.
سوود له‌ گۆڕانكاریی ناو سه‌فه‌وییه‌كان وه‌رده‌گرێت.

7
له‌سه‌رده‌می سوڵتان مورادی سێیه‌می عوسمانیدا،
بانگهێشت ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی،
شه‌ره‌فخان ساڵی 1578 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای سوڵتان،
پێشوازیی گه‌رمی لێده‌كرێت و ده‌كرێته‌وه‌ میر.

8
میر شه‌ره‌فخان ماوه‌ی ساڵانی 1592 تا 1597،
سه‌رقاڵی نووسینی كتێبه‌ به‌نرخه‌كه‌ی خۆی بووه‌،
كه‌ به‌ زمانی فارسی كتێبی (شه‌ره‌فنامه‌) نووسیوه‌.
تابلۆكانیشی به‌ده‌ستی خۆی كێشاوه‌.

9
ئه‌م كتێبه‌ بۆ زمانه‌كانی: فه‌ڕه‌نسی، ئینگلیزی، ڕووسی،
عه‌ره‌بی و كوردی وه‌رگێڕدراوه‌ و چاپیش كراوه‌.
مێژووی ماڵباته‌ میره‌كانی كوردی نووسیوه‌ته‌وه‌،
باشترین سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سه‌نی مێژووی كورده‌.

10
سه‌رچاوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ نوێكان زانیاری تریان پێداین،
كه‌ شه‌ره‌فخان به‌ نه‌خۆشی كوچی دوایی نه‌كردووه‌،
به‌ڵكو ساڵی 1600، یاخود 1601 عوسمانییه‌كان،
هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر و كوشتوویانه‌.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×