ئهندازیار تاهیر عهبدوڵا، بهڕێوهبهری گشتی فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی سلێمانی دهڵێت" ئەو ئامێرانەی لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ پشکنینی گەشتیاران بەکاردەهێنرێت هەمان ئەو ئامێرانەن کە لەفڕۆکەخانەکانی تری جیهان بەکاردەهێنرێت بۆ دیاریکردنی گومانی دەستنیشانکردنی نەخۆشی كۆرۆنا."
ئاوێنە: تاهیر عەبدوڵا، لە وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاند"ئەو ڕێوشوێنانەی سەبارەت بەڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراوەتە بەر لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بریتیە لە تیمی تایبەتی و پزیشکی ئامێری تایبەتیان داناوە هەروەها کەرەستەی پێویستیان داوە بەکارمەندانی نشینگە و ئاسایش و ئەو کەسانەی کە ڕوبەڕوی گەشتیاردەبنەوە و تەواوی پێداویستی تایبەتیان لەوبارەیەوە پێدراوە، لەسەرەتای ئەم مانگەشەوە ئەو ڕێ و شوێنانە گیراونەتەبەر."
هەروەها وتیشی" هەندێک وڵات هەیە کە گەشتەکانیان وەستێنراوە، وەکو ئێران یاخود ئەو گەشتیارانەی کە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە وڵاتی چین-ەوە دەگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەو هاوڵاتیانە پشکنینیان بۆ دەکرێت وە دەخرێنە شوێنی تایبەت تا 14 ڕۆژ دەخرێنە ژێر چاودێری تیمی پزیشکیەوە."
ئهندازیار تاهیر عەبدوڵا ئەوەشی وت" بەفەرمی تا ئێستا ئەو گەشتانەی ڕاگیراوە بۆ ئێران و شاری نەجەف-ی عیراقە وە بەفەرمی تا ئێستا بۆ هیچ وڵاتێکی تر گەشتەکان ڕانەگیراوە بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئێستا ئەو ڤایرۆسە لە کۆریا و مالیزیا و ئەندەنۆسیا بڵاوبۆتەوە بۆیە ئێستا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی چاوەڕێی ئەوەیە ڕێنمایی ئهوهمان پێبگات ئەو هاوڵاتیانەی لەو وڵاتانەشەوە دەگەڕێنەوە بخرێنە ژێر چاودێری و هەمان مامەڵەی ئێران و چین-ییان لەگەڵدا بکرێت، بێگومان."
ڕاشیگەیاند" لەسەرەتای گرتنەبەری ئەو ڕێ و شوێنانە چوار هاوڵاتی کە لەڕێگای چین-ەوە گەڕابونەوە وە نزیکەی بیست هاوڵاتیش کە لە ئێران گەڕابونەوە خراونەتە ژێر چاودێری وە بەپێێ ئاماری دەزگا تەندروستیەکان نزیکەی 400 هاوڵاتی خراونەتە ژێر چاودێری لەشوێنی تایبەت."
ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا ئاماژهی بهوهشكرد" ئەو ئامێرانەی لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ پشکنینی گەشتیاران بەکاردەهێنرێت هەمان ئەو ئامێرانەن کە لەفڕۆکەخانەکانی تری جیهان بەکاردەهێنرێت بۆ دیاریکردنی گومانی دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشیە."
ئاشکراشیکرد"هەرگەشتێک پێش وەختە گومانی لێبکەین هێڵەکە ئاگادار دەکەینەوە کە ئەنجامی نەدات بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، پێشتر گەشتێک هەبو لە ئێرانەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هێڵەکەمان ئاگادارکردەوە کە ئەو گەشتە ئەنجام نەدرێت، وە خشتەی هەمو گەشتەکان بۆ ئێران ڕەتکراوەتەوە و وەستێنراوە."
بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕەتیکردەوە هیچ حاڵەتێک لەڕێگای فڕۆکەخانەوە دیاریکرابێت و وتیشی" بەتەنها ئەوانەی جیاکراونەتەوە بۆ دڵنیابونەوە و چاودێری کردنیانە."
ئهندازیار تاهیر عەبدوڵا وتی"تا ئێستا گەشتەکان بۆ تورکیا بەردەوامە، چونکە دامودەزگا تەندروستیە جیهانیەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەردەوام چاودێری هەمو شوێنێک دەکەن و کەس ناتوانێت حاڵەتی بونی کۆرۆنا لەوڵاتەکەیدا بشارێتەوە ."
ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا لەبارەی ڕاگرتنی گەشتی فڕۆکەخانەکان بۆ چەند وڵاتێکی عەرەبی کە ڤایرۆسەکە سەریهەڵداوە لەوانە لوبنان و ئیمارات و کوەیت؟ ڕونیکردەوە" فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەژیر ڕینمایی و فرمانی حکومەتی عیراقی کاردەکەن هەرگەشتێک کە حکومەتی هەرێم وە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عیراق ڕێگەی پێبدات ئێمە ناتوانین هیچ گەشتێک بۆ هیچ شوێنێک بێ بڕیاری ئەوان ڕابگرین."