ئەردۆغان: گەورەترین كێشەی سوپاكەمان ئەوەیە ناتوانێت كایەی ئاسمانی ئیدلب بەكاربهێنێت
  2020-02-26       2531       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، پلانیان هەیە بۆ دەركردنی هیزەكانی حكومەتی سوریا بۆ ئەودیو خاڵەكانی چاودێری سوپای توركیا لە ئیدلب لەكۆتایی ئەم مانگەداو دەشڵێت: بەمنزیكانە كێشەی بەكارنەهێنانی كایەی ئاسمانی ئیدلب لەلایەن توركیاوە، چارەسەردەكرێت كە بە "گەورەترین كێشە"ی بەردەم سوپای وڵاتەكەی ناوی برد.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەوتەیەكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی لەپەرلەمانی توركیا، رایگەیاند، لەئێستادا گەورەترین كێشە كە روبەڕوی هێزەكانی وڵاتەكەی بۆتەوە لە ئیدلب، ئەوەیە ناتوانن كایەی ئاسمانی بەكاربهێنن، ئەم كێشەیەش بەم نزیكانە چارەسەردەكرێت.

كایەی ئاسمانی ئیدلب لەژێر دەسەڵاتی روسیادایە كە رۆژانە وەك پشتیوانییەك بۆ هێرشی هێزەكانی سوپای سوریا، بۆردومانی پێگەكانی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەكات كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن.

ئەردۆغان لەوتەكەیدا هێمای بۆ ئەوەش كرد كە داواكاریی وڵاتەكەی لە ئیدلب كشانەوەی هێزەكانی حكومەتی سوریایە بۆ پشت خاڵەكانی چاودێری سوپای توركیاو گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵوحاڵیان.

جەختیشی كردەوە، ئەو مۆڵەتەی داومانەتە هێزەكانی سوپای سوریا بۆ كشانەوە خەریكە تەواو دەبێت.

پێشتر ئەردغان تا كۆتایی ئەم مانگەی وەك مۆڵەت دابوە هێزەكانی سوریا بۆ كشانەوە ئەگەرنا بەزەبری هێز دەریاندەكەن.

ئەردۆغان لەوتەكەیدا ئەو هەڕەشەیەی دوپاتكردەوەو وتی: لە پرسی ئیدلبدا هیچ هەنگاوێك بۆ دواوە نانێین، هێزەكانی حكومەتی سوریا بۆ دەرەوەی سنورە دیاریكراوەكان دەردەپەڕێنین.

ئەردۆغان لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"پێشنیارێكمان داوەتە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی سیستمی پاتریۆت بدەنە توركیا، پێمانوتون ئامادەین بۆ كڕینی ئەو سیستمە."

ئەوەشی وت"ئەگەری زۆرە گفتوگۆكان سەبارەت بە ئیدلب رۆژی 5ی ئازار لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەبچن لەشێوەی گفتوگۆی دوقۆڵی یاخود چوارقۆڵی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×