باره‌گای بارزانی سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌
  2020-02-26       551       

باره‌گای بارزانی له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی مه‌سعود بازرانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان  سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ئاوێنه‌: له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانیدا هاتووه‌، لەپاش ڕاسپاردنی محەمەد عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق لە چەند میدیایەكی عەرەبی و كوردی وا بڵاوبووەتەوە كە گوایە مه‌سعود بارزانی لەبەر كێشەی كەسی و دانانی هەندێ كەسی نزیك لە خۆی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان كێشەی لەگەڵ عەللاوی و پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەدا هەیە، لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌  مه‌سعود بارزانی تێبینی لەسەر شێواز و بەرنامەی كاری عەللاوی و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكان هەیە بۆ پۆستە وەزارییەكانی حكوومەتی عێراق. ئەو شێواز و میكانیزمە ڕەچاوی ماف و داواكاریی پێكهاتەكان و تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان ناكات و بە دڵنییاییەوە دەبێتە هۆی قووڵتربوونی قەیرانە سیاسییەكانی عێراق.

جه‌خت له‌وه‌ش كراوه‌ته‌وه‌ به‌ لای مه‌سعود بارزانییەوە ناوی كەسەكان ئەولەوییەت نییە بەڵكو ئەوەی گرنگە پابەندبوونی هەموو لایەكە بۆ ئەوەی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق لە پڕۆسەی سیاسی و حكوومەتی داهاتوودا ڕەچاو بگیرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هەروەك چۆن هەندێ لایەن عەللاویان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید كردووە، هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیەتی كاندیدی بۆ پۆستە وەزارییەكان هەبێت و پێویستە ڕێز لەو مافەی هەرێمی كوردستان بگیرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×