بەشیر حەداد: کێشەی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانە
  2020-02-26       661       
دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کە کێشەی بەڕێز محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانەکە.

دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی متمانەدان بە کابینەوەی نوێی حکوومەتی عێراق  راگەیاند، ''سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی پێنجشەممەی دیاری کرد بۆ متمانە دان بە  کابینەکەی بەڕێز محەمەد تۆفیق عەللاوی. بەرنامەی کاری حکوومەتەکەی گەیشتووەوەتە دەست سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و دابەش کراوە بەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران. ئێستاش چاوەڕوان دەکرێت سی ڤی وەزیرەکان رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت''.

هاوکات  بەشیر حەداد وتیشی، ''لێرەوە دەمەوێت باس لەوە بکەم کە کێشەی  محەمەد تۆفیق عەللاوی تەنها لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان نییە. بەڵکو عەللاوی کێشەی لەگەڵ کورد، تورکمان، سوننە وبەشێک لە شیعەکانیش هەیە. کێشەکە ئەوەیە شێواز و ئالییەتی دیاری کردنی وەزیرەکان لەلایەن ئەو بەڕێزەوە شێوازێکە کە بەدڵی لایەنەکان نییە. لایەنەکان دەڵێن با ئەو بەڕێزە چ تایبەتمەندییەکی دەوێت بە ئێمەی رابگەیەنێت دواتر ئێمە کەسانی بێلایەن و خاوەن هەمان تایبەتمەندی پێشکەش دەکەین. بەڵام  سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بەبێ گەڕانەوە بۆلایەنکان کەسەکان دیاری دەکات'' .

هەروەها جێگری دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، ''هەرێمی کوردستان پەرلەمان، حکوومەت و سەرۆکی هەیە بۆیە پێوسیتە بەو قەوارەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لە کاتی پێکهێنانی حکوومەت. پێویستە رێز لە قەوارە کوردستان بگیرێت''.

جێگای ئاماژەیە دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر عەللاوی دەنگی پێویستی بەدەست هێنا ئەوا وەکو پرسی دەرکردنی هێزە بیانییەکان بە تاکلایەنانە دەبێت. ئەو جۆرە مامەڵەیە تەندروست نییە. لە عێراق چەندین ساڵە لەسەر بنەمای تەوافق کارەکان ئەنجام دەدرێن نەک لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×