وەزیری تەندروستی: 14 گومانلێکراو هەبووە و هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە
  2020-02-26       824       
وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، "14 کەس پشکنینیان بۆ کراوە، 11 کەس نێگەتیڤ بوون و سەلامەت بوون، لە ئێستادا چاوەڕوانی پشکنینی کەسەکانی دیکەین."

ئاوێنه‌: لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە بۆ وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی هەرێم رێکخرابوو، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رایگەیاند، "لە ئێستادا سێ کەس ماون، لەژێر پشکنیندان و چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکانیانین."

دەربارەی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان وتی، ١٧٣٤ کەس کە لە دەرەوەی هەرێمەوە گەڕاونەتەوە، لەژێر چاودێریدان و جیاکراونەتەوە.

دەربارەی ئامادەکارییەکانیش سامان بەرزنجی باسی لەوە کرد،  ١٢ شوێن بۆ مانەوەی ئەو کەسانە ئامادەکراوە، لە حاڵەتی بوونی نەخۆش بە ڤایرۆسەکە، کە ١٧٠ قەرەوێڵە لەخۆدەگرێت.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمیش وتی، "هیچ کەمتەرخەمییەک لە بەرپرسان قبوڵ ناکەین و داوای لێبوردنیش لەو هاوڵاتییانە دەکەین، کە خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و شوێنەکانیان گونجاو نییە."

روونیشیکردەوە، 536 کەس لە ئێرانەوە و لە رێگەی سنورەکانی عێراقەوە، هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەبێ خۆناساندن و پشکنین و  پێویستە پشکنینیان بۆ بکرێت.

وەزیری ناوخۆی هەرێم راشیگەیاند، "لەگەڵ خەڵکی خۆماندا راستگۆ دەبین و هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە، شەفافانە ماماڵە دەکەین."

ئاماژەی بەوەش کرد، راگەیاندنی پشوو لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆپاراستن بووە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێوشوێنی تەواویش گیراوەتەبەر.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×