سبەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر کابینەی نوێی حکومەت دەدات
  2020-02-26       830       
سەرچاوەیەکی پەرلەمانیی ئاشکرای کرد، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی ناوی ئەندامانی کابینەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد تاوەکو سبەی پێنجشەممە لە دانیشتنێکی نائاساییدا متمانەیان پێبدەن.
 
ئاوێنه‌: سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، راگەیاندوە، ئەو لیستەی گەیشتووەتە پەرلەمان ناوی ١٩ وەزیری لەخۆگرتووە.

بەوتەی سەرچاوەکە، ناوی هەریەک لە وەزیری وەزارەتەکانی ناوخۆ، دارایی، بازرگانی، داد و وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری هەرێم لەناو ئەو لیستەدا نییە کە عەللاوی پێشکەش بە پەرلەمانی کردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو کەسانەی لەناو لیستەدا بۆ وەزیر پێشنیاز کراون، پێشتر پەرلەمانتار نەبوونە و لە حکوومەتەکانی پێشووشدا پۆستی وەزیریان نەبووە.

تا ئێستا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یان محەمەد تۆفیق عەللاوی هیچ روونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق لە محەمەد تۆفیق عەللاوی گواستووەتەوە بەوەی ناوبراو رایگەیاندووە “هەڵبژاردنی پێشوەختە باشترین چارەسەرە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی وڵاتدا”.

پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی دیارییکردبوو بۆ دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنەکە بەمەبەستی پێدانی متمانە بە حکوومەتی نوێی عێراق لە کاتێکدا سووننە و کورد و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان دژ بە تێپەڕاندنی پێدانی متمانەن بە حکوومەتەکەی عەللاوی.

هەریەک لە هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری پاڵپشتیی لە محەمەد تۆفیق عەللاوی دەکەن، لە بەرامبەردا کورد و سووننە دژ بە بۆچوونی عەللاوی-ین لەبارەی کاندیدکردنی وەزیرەکان بەوپێیەی عەللاوی نیازی وایە بەبێ گەڕانەوە و راوێژکردن لەگەڵ کورد و سووننە پشکی ئەو دوو پێکهاتەیە لە وەزیرەکان، دابنێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×