ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەڵێت: شاری "سەراقیب"یان كۆنترۆڵكردۆتەوەو میدیاكانی روسیا هەواڵەكە رەتدەكەنەوە
  2020-02-27       1345       

ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە لەلایەن سوپای توركیاوە پشتیوانی دەكرێت رایگەیاند، توانیویانە شاری ستراتیژی "سەراقیب" لە ئیدلب كۆنترۆڵ بكەنەوە، بە ڵام سەرچاوە سەربازییەكانی روسیا ئەوە رەتدەكەنەوە.

ئاوێنە، رۆیتەرز: ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەگەڵ راگەیاندنی كوژرانی سێ سەربازی وڵاتەكەی لە ئیدلب، رایگەیاند، پەرەسەندنەكانی ئەم دواییە لە بەرژەوەندی ئەنكەرەدان.

لەلایەكی دیكەوە تەلەفزیۆنی روسیا، ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، سەربازانی توركیا لە پارێزگای ئیدلب، موشەكی سەرشان بەكاردەهێنن بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا و سوریا.

رۆیتەرز نوسیویەتی، ئەگەر ئەمە پشتڕاست بكرێتەوە، ئەوا ئاستی مەترسییەكانی شەڕەكە بەرزتردەبێتەوە كە بەهۆیەوە سەدان كەس كوژراون و بەهەزارانیش ئاوارە بون.

ئەردۆغان هەر ئەمڕۆ وتی"شەڕەكەمان بەردەوام دەبێت. گفتوگۆكانمان لەگەڵ روسەكان بەردەوامە...ئەگەر پشتیوانی روسیاو ئێران نەبێت ئەستەمە رژێمەكەی ئەسەد خۆی رابگرێت." 

لەلایەكی دیكەوە ناجی مستەفا، وتەبێژی "بەرەی نیشتمانی رزگاریی" كە یەكێكە لەو گروپە چەكدارانەی ئەنكەرە پشتیوانیانیان دەكات، رایگەیاند، توانیوانە شاری ستراتیژی "سەراقیب" لە ئیدلب كۆنترۆڵ بكەنەوە.

بەڵام ئاژانسەكانی هەواڵی روسیا لەزاری سەرچاوەیەكی سەربازیی روسیاوە ئەو هەواڵەیان رەتكردۆتەوە و وتویانە، هێزەكانی حكومەتی سوریا، سەركەوتوبون لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەر شارەكە.

لەگەڵ ئەوەش بەرپرسێكی تورك ئاماژەی بەوەداوە كە هێزەكانی حكومەتی سوریا كە لەلایەن هێزە ئاسمانییەكانی روسیاوە پشتیوانی دەكرێت، هێرشێكیان دەستپێكردوە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی سەراقیب. ئەو بەرپرسەی تورك بە رۆیتەرزی وتوە"شەڕو پێكدادانێكی سەخت بەڕێوەدەچێت."

شاری سەراقیب كە پێشتر لەلایەن هێزەكانی حكومەتی سوریاوە لەژێر دەستی هێزە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن دەرهێنرابو، شارێكی ستراتیژییەو دو رێگەی خێرایی سەرەكی لە سوریا پێكەوە دەبەستێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×