روسیا دەڵێت: ئەو سەربازانەی توركیا كە بۆردومان كراون لە ریزی چەكدارە "تیرۆریستەكان"دا بون
  2020-02-28       1467       

وەزارەتی بەرگری روسیا، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، بۆردومانەكەی سوپای سوریا لە ئیدلب بۆ سەر پێگەی چەكدارە "تیرۆریستەكان" بوەو دواتر رون بۆتەوە كە سەربازانی توركیا لەنێو ریزەكانی ئەو چەكدارانەدا بون كە كوژراون.

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگری روسیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لایەنی توركی زانیاری نەداوەتە مۆسكۆ لە بونی سەربازانی لە "بلیۆن" لە ئیدلب و ئاماژەی بەوەشداوە كە بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراونەتە ناوەندی بەرژەوەندی روسیا لە سوریا، سەربازانی توركیا لەو شوێنە نەبون و نەشدەبو هیچ یەكەیەكی توركی لەشوێنی بۆردومانەكەی سوریا بونایە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، كە لەگەڵ گەیشتنی زانیاری بەركەوتنی سەربازانی توركیا، لایەنی روسی هەمو رێوشوێنێكی پێویستی گرتەبەر بۆ راگرتنی شەڕ لەلایەن هێزەكانی سوریاوە بەتەواوەتی لەپێناو دابینكردنی سەلامەتی گواستنەوەی كوژراو و بریندارە توركەكان بۆ خاكی وڵاتەكەیان.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا هیچ ئەركێكیان لەو ناوچەیە ئەنجام نەداوە كە تێیدا سەربازانی توركیا بۆردومان كراون.

بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری روسیا ئەوەشی خستۆتەڕو كە بۆردومانەكە دوێنێ پێنجشەممە رویداوەو لەكاتێكدا بوە كە "دەستەی رزگاریی شامی تیرۆریست" هەوڵی ئەنجامدانی هێرشێكی داوە لە چەند میحوەرێكەوە بۆ سەر پێگەكانی سوپای سوریا.

جەختیشی كردۆتەوە كە ناوەندی بەرژەوەندی روسیا بەردەوام دەبێت لەهەماهەنگی لەگەڵ توركیا بە ئامانجی ئەوەی خاڵەكانی چاودێری و یەكەكانی سوپای توركیا لە ئیدلب بەدوربن لە هێرشی سوریا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×