نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: هیچ راپۆرتێكمان له‌باره‌ی كۆچی‌ په‌نابه‌ران به‌ره‌و یۆنان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌
  2020-02-28       438       
وته‌بێژی كۆمیسیۆنی كاروباری په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هیچ راپۆرتێكیان له‌باره‌ی كۆچی‌ په‌نابه‌ران به‌ره‌و یۆنان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌.

ئاوێنه‌: پاش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مرۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ توركیا كردنه‌وه‌ی‌ سنوره‌كانیان به‌ڕوی‌ كۆچبه‌راندا به‌ره‌و ئه‌وروپا كرده‌وه‌، بابار بالوش ورود، وته‌بێژی كۆمیسیۆنی كاروباری په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌مرۆ هه‌ینی‌ ڕایگه‌یاند، له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ نه‌كراوه‌و تا ئێستا له‌هیچ گۆڕانكارییه‌كی سیاسه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر به‌په‌نابه‌ران ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

وتیشی‌، "هیچ راپۆرتێكمان له‌باره‌ی كۆچی‌ په‌نابه‌ران به‌ره‌و یۆنان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌."

شه‌وی‌ رابردو سوپای‌ سوریا به‌پشتیوانی‌ روسیا كاروانێكی‌ سه‌ربازی‌ توركیای‌ كرده‌ ئامانج‌و له‌ئه‌نجامدا 33 سه‌ربازی‌ توركیا كوژران‌و ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌ش برینداربون.

له‌به‌رامبه‌ردا بەرپرسێكی باڵای توركیا بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، وڵاتەكەی كە روبەڕوی شەپۆلێكی نوێی كۆچبەرانی سوریا بۆتەوە، لەمەودوا رێگە لەپەنابەرانی سوریی ناگرێت بۆ گەیشتن بەئەوروپا.

راشگەیاندوە، فەرمان بۆ هێزەكانی پۆلیس و ئێشكگری كەناراوەكان‌و ئاسایشی سنور دەرچوە كە نە لەوشكانی‌و نە لەدەریادا رێگە لەكۆچبەران نەگرن بەرەو ئەوروپا.

بەرپرسە باڵاكەی توركیا كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت وتویەتی، "بڕیارمانداوە لەئێستاوە رێگە لەكۆچبەرانی سوریا بۆ گەیشتن بەئەوروپا نەگرین چ لەرێی وشكانییەوە بێت یاخود لەڕێگەی دەریاوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×