پەرلەمانتارێکی ئێران بەهۆی توشبونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا
  2020-02-29       580       
محەمەد عەلی رەمەزانی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران بەهۆی توشبونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

ئاوێنە: ئاژانسی میهر-ی ئێرانی بڵاویکردەوە، محەمەد عەلی رەمەزانی دەستەك" لە شاری رەشدی ناوەندی پارێزگای "گەیلان" یەكێك بوە لە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەمدواییەی پەرلەمانی ئێران، بەڵام لەچەند رۆژی رابردودا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو و گواستراوەتەوە نەخۆشخانە و دواتر گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشكردوە، محەمەد رەمەزانی نەخۆش و كەمئەندامی كیمیایی سەردەمی شەڕی ئێران - عێراق بوە.

به‌پێی ئاماره‌ جیهانیه‌كان، تا ئێستا ژماره‌ی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ جیهاندا گه‌یشتوه‌ته‌ 85 هه‌زار و 182 كه‌س، لەو ژمارەیەش 39 هه‌زار و 485 كه‌س دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتوه‌، وڵاتی چینیش بە تۆمارکردنی 327 حاڵەتی نوێ کەمترین رێژەی بڵابونەوەی کۆرۆنای تۆمارکرد.

ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی كوشنده‌یه‌و مانگی رابردو، له‌ شاری وهانی چین سه‌رهه‌ڵدا، له‌ئێستادا بوه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی جیهانی و له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش چه‌ندین حاڵه‌تی توشبون به‌و ڤایرۆسه‌ تۆماركراوه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×