محەمەد عەلاوی كشانەوەی خۆی لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق راگەیاند
  2020-03-02       1378       

محەمەد تۆفیق عەلاوی، كەمێك لەمەوبەر كشانەوەی خۆی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق پێشكەشی سەرۆك كۆمار كردو رایگەیاند، هەندێك لایەنی سیاسی كە چاكسازیان نەویستوە، بونە رێگر لەبەردەم لەدایكبونی حكومەتێكی سەربەخۆدا.

ئاوێنە: محەمەد تۆفیق عەلاوی، ئەمشەو، لەنامەیەكدا كە ئاڕاستەی سەرۆك كۆماری عێراق و گەلی عێراقی كردوە رایگەیاندوە، كاتێك راسپێردرام بەڵێنم بە گەل دا ئەگەر گوشاری سیاسی بخرێتەسەر بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئەجێندایەكی دیاریكراو كە بڕیاری من پێكهێنانی حكومەتێكی سەربەخۆ بو، ئەوا دەستبەرداری راسپاردنم بۆ پێكهێنانی حكومەت دەبم.

وتوشیەتی"ئەگەر سازشم بكردایە ئێستا وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەكار ببوم."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەكاتی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتدا روبەڕوی شتی زۆر بۆتەوە كە لەبەرژەوەندی نیشتماندا نەبون. وتوشیەتی"بەداخێكی زۆرەوە هەندێك لایەن دانوستان تەنها لەپێناو دەستكەوتنی چەند بەرژەوەندییەكی تەسكدا دەكەن بەبێ ئەوەی هەست بە پرسە نیشتمانییەكە بكەن، بەبێ ئەوەی هیچ حسابێك بۆ خوێنی ئەو شەهیدانە بكەن كە لەخۆپیشاندانەكاندا لەپێناو گۆڕینی دۆخەكە رژا."

وتوشیەتی"بۆیە من لەبەردەم هاوكێشەیەكدا بوم...پۆستی سەرۆك وەزیران بەرامبەر بە ناڕاستگۆیی لەگەڵ گەلەكەم و وەرگرتنی پۆستەكە لەسەر حسابی ئازارەكانیدا، بژاردە ئاسان و رونەكە ئەوەیە كە لەگەڵ گەلە خۆڕاگرەكەم بم بەتایبەت كاتێك بینیم هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان جددی نین سەبارەت بە چاكسازی و بردنە سەری بەڵێنەكانیان و كۆسپیان خستەبەردەم لەدایكبونی حكومەتێكی سەربەخۆ."

هەروەها بۆ سەرۆك كۆمار ئەوەشی خستۆتەڕو"دەبێت لێم ببوری كە دەستبەرداربونی خۆم لە راسپاردنم، بۆ بەڕێزتان بەرزبكەمەوە، تكام وایە بفەرمون بە قبوڵكردنی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×