بەشیر حەداد: داوا دەکەم گفتۆگۆیەکی نیشتمانی و گشتگیر ساز بکرێت
  2020-03-02       560       
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کرد کە گفتۆگۆیەکی نیشتمانی و گشتگیر بە بەشداری نوێنەرانی خۆپیشاندەران لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان ساز بکرێت، ئەویش بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە “لە سایەی پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییە و زیادبوونی کێشەکانی ئەمنی، تەندروستی، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ فراوانبوونی ناکۆکییە سیاسییەکان بە تایبەتیش دوای ئەوەی راسپێردراو بو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، محەمەد تۆفێق عەللاوی کشانەوەی خۆی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راگەیاند، دکتۆر بەشیر حەداد بە پێویستی دەزانێت کە سەرجەم لایەنەکان هەوڵەکانیان یەک بخەن وبە جیددی کار بکەن لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و پڕۆسەی سیاسی لە وڵات بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەم قەیرانەی ئێستا تێپەڕێندرێت و هەڵبژاردنی پێشوەختەش لە قۆناغی داهاتوودا، ئەنجام بدرێت”.

حەداد جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەگەر رەوشەکە خراپ بێت و پڕۆسەی سیاسی هەرەس بهێنێت، ئەوا تەنها گەلی عێراق زیانی بەردەکەوێت و وتی، “داوا دەکەم گفتۆگۆیەکی نیشتمانی و گشتگیر بە بەشداری نوێنەرانی خۆپیشاندەران لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان ساز بکرێت، ئەویش بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و پتەوترکردنی شەراکەتی نیشتمانی راستەقینە، هەروەها پتەوترکردنی هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن”.

بەشیر حەداد داواشی کردووە کە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوام بن بۆ ئەوەی بتواندرێت بەپەلە ئەو یاسانە دەربکرێن کە دەبنە مایەی باشکردنی رەوشی خزمەتگوزاری و تەندروستی و چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکان.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دەرنگانی شەوی رابردوو، راسپێردراو بو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی کشانەوەی خۆی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راگەیاندبوو.

کشانەوەی محەمەد تۆفیق عەللاوی دوای ئەوە هات کە بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانەوە بە تایبەتی سوننە و کورد لەسەر میکانیزمی دانانی وەزیرەکانی کابینەی نوێ، ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانی دانیشتنی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر بەخشینی متمانە بە کابینەی نوێ حکوومەت ساز بکات.

جگە لە هاوپەیمانی سەدر کە خاوەن ٥٤ کورسییە لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح کە خاوەن ٤٨ کورسییە و هاوپەیمانی قەراری عێراقی کە خاوەن ١١ کورسییە، هیچ فراکسیۆنێکی دیکە پاڵپشتی خۆی بۆ کابینەی حکوومەتەکەی، محەمەد تۆفیق عەللاوی رانەگەیاندبوو.

پێشتر نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڵاویکردبوویەوە کە پشتبەستن بە ماددەی ۷٦ی دەستوور، سەركۆمار راوێژ و گفتوگۆكانی دەست پێ دەكات بۆ ئەوەی لەمیانی ١٥ رۆژدا بتواندرێت بەربژێرێکی دیکە بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو راسپێردرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×