عادل عەبدولمەهدی پەیامێك ئاڕاستەی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەكات
  2020-03-02       613       

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق لەپەیامێكدا دەڵێت، بڕیارم داوە پەنابەرمەبەر "غیابی خۆویستانە" و داواش دەكات یەكێك لە جێگرەكانی یاخود وەزیرانی كابینەكەی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیران بگرێتە ئەستۆ و داواش لە پەرلەمان دەكات یاسای هەڵبژاردنەكان یەكلابكاتەوەو پێشنیاریش دەكات رۆژی 4ی كانونی یەكەمی 2020 وەك رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت.

ئاوێنە: عادل عەبدولمەهدی لەپەیامەكەیدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، ئاڕاستەی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی پەرلەمانی كردوە رایگەیاند، لە 19ی شوباتی 2020 رامگەیاند كە دوای تەواوبونی ئەو مۆڵەتەی دراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، هیچ شتێك لەبەردەممدا نییە جگە لە پەنابردن بۆ چارەسەرە دەستورییەكان یاخود پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران.

عەبدولمەهدی نیگەرانی خۆی دەربڕێوە لەوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی سەركەوتو نەبوە لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و ئەوەش وا وا دەكات كە ئەم هەڵوێستێكی گونجاو وەربگرێت.

وتوشیەتی"مەترسیدارترین شت كە ئێستا روبەڕومان دەبێتەوە رودانی بۆشایی دەستوری و ئیدارییە، باشترین چارەسەریش پابەندبونە بە ماددە دەستورییە پەیوەندیدارو یاسا بەركارەكان و مادەكانی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیرانەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بۆیە لەسەرمە بڕیاری خۆم رابگەیەنم كە ئەویش پەنابردنە بەر 'غیابی خۆویستانە'یە وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و هەمو لێكەوتەكان لە رێكارەكان و چوارچێوەكان كە لێرە رونیان دەكەمەوە."

هەروەها وتوشیەتی"ئەم هەڵوێستە بەمانای ئەوە نییە كە دواتر پەنانەبرێتە بەر راگەیاندنی چۆڵبونی پۆستەكە بەپێی مادەی 81ی دەستور، ئەگەر هێزە سیاسییەكان و دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێكردن نەگەیشتە چوارچێوەیەك بۆ دەربازكردنی وڵات لەم قەیرانەی ئێستای بەگوێرەی ماددەی 76ی دەستور. "

ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی داومە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی دەستورو یاساو پەیڕەو دەماندەنێ، دەست دەكەین بە ئەنجامدانی چەند خاڵێك.

لەخاڵی یەكەمدا باسی لەوە كردوە كە بانگهێشتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن بۆ گرێدانی دانیشتنێكی تایبەت بۆ یەكلاكردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و بازنەی هەڵبژاردنەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەتەواوەتی و پێشنیاریش دەكەن رۆژی 4ی كانونی یەكەمی 2020 وەك رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت و 60 رۆژ بەر لەو وادەیەش ئەنجومەنی نوێنەران خۆی هەڵوەشێنێتەوەو هەروەها سندوقێكنیش لەپاڵ سندوقەكانی هەڵبژاردندا بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر هەموارە دەستورییەكان دابنرێت.

هەروەها لەخاڵی دوەمدا ئاماژەی بەوە كردوە كە یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆك وەزیران یاخود یەكێك لە وەزیرەكان رادەسپێردرێت تا بەرپرسارێتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێكردنی كارەكانی رۆژانە بگرێتە ئەستۆ.

لەخاڵێكی دیكەدا ئەوەی خستۆتەڕو كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وەزاری بەرپرس دەبێت لە راییكردن و هەماهەنگیكردنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی لەنێوان وەزارەتەكان و دامەزراوەكانی حكومتی عێراقی پەیوەندیدار بە پرسەكانی ئاسایشی نیشتمانییەوەو لەژێر فەرمانی سەرۆكی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا دەبێت.  

هەروەها لە خاڵێكی تردا باسی لەوە كردوە كە سەرۆكی وەزیران غایب دەبێت لە ئیمزاكردنی نوسراوە رەسمییەكان یاخود بانگهێشت و ئەنجامدانی دیدارو دانوستان و كۆبونەوە رەسمیە ناوخۆییەكان یاخود بیانییەكان.

لە خاڵی كۆتاییشدا داوای كردوە پەلەبكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ بەگوێرەی مادەی 76ی دەستور.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×