تەندروستی عێراق توشبونی سێ كەسی دیكەی بە كۆرۆنا راگەیاند
  2020-03-05       592       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، سێ كەسی دیكە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون، دوانیان لە كەركوكن و ئەویدیكەیان لە پارێزگای واستە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لەزاری دكتۆر سەیف ئەلبەدر، وتەبێژی وەزارەتەكەوە رایگەیاند، سێ حاڵەتی نوێی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دوان لە حاڵەتەكان لە كەركوك و سێیەمیان لە پارێزگای واست تۆماركراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ئێستادا توشبوەكان لەژێر چاودێری تەندروستیدان لەو شوێنانەی كە بۆ ئەو مەبەستە دابینكراون.

بەوەش ژمارەی ئەو كەسانەی تا ئێستا لە عێراق توشی كۆرۆنا بون گەیشتۆتە 38 كەس.

وەزارەتی تەندروستی عێراق جەختیشی لە جێبەجێكردنی رێنمایی و بڕیارەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كردۆتەوەو رایگەیاندوە، جێبەجێكردنی رێنماییەكان ئەگەری هەیە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە كەم بكاتەوەو داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردوە لێپێچینەوە لە پێشێلكارانی بڕیارو رێنماییەكان بكەن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندبو، تا ئێستا لەسەرتاسەری عێراق(بە هەرێمی كوردستانیشەوە) 35 كەس توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون.

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی عێراق تا ئێستا دو كەس بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە لەبەغدا گیانیان لەدەستداوەو وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستانیش گیانلەدەستدانی كەسێكی لە سلێمانی راگەیاندبو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×