کوێت گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ حەوت وڵات راگرت
  2020-03-07       531       

کوێت رایگەیاند کە لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ماوەی یەک هەفتە بۆ حەوت وڵات راگرتووە.
 
ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوێکدا کارگێڕی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی کوێت ئاماژەی بەوەکردووە کە گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی یەک هەفتە بۆ میسر، فلیپین، سووریا، لوبنان، سریلانکا، بەنگلادیش و هیندستان راگرتووە.

هاوکات بەپێی راگەیەندراوەکە ئەو بڕیارە لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دراوە و لە راگەیەندراوەەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هەر لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەئێستادا لە غەیری هاووڵاتی کوێتی و ئەو کەسانەش کە مافی پەنابەرێتی و نێشتەجێبوونیان هەیە رێگە بە هیچ هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتانەی کە بەشێوەیەکی بەرچاو ڤایرۆسی کۆرۆنا-یان تیایدا بڵاوبووەتەوە نادرێت سەردانی کوێت بکەن.

شایەنی باسە تا دوێنێ هەینی، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوێت،  گەیشتبووە ٥٨ کەس و بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ سێ هەزار و ٤٠٠ کەس و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە ١٠٠ کەس.

بۆ یەکەم جار، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا و لەئێستادا لە ٩٠ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە و لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دۆخی له‌ ناكاوی راگه‌یاند.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×