حکومەت چەند رێکارێکی دیکە بۆ رێگەری کردن لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا دەگرێتەبەر
  2020-03-08       1167       
حکوومەتی عێراق بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر، لەوانە راگه‌یاندنی پشوو له‌ فەرمانگەکانی حکوومەت، داخستنی مەزارگە ئایینیەکان و راگرتنی هاتوچۆی شەمەندەفەر لە نێوان بەغداد و شارەکانی دیکەی باشووری عێراق.

ئاوێنە: بەرێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە سەربە وەزارەتی ناوخۆ، لیون نەشئەت ئیبراهیم خەفاجی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیاردراوە بە وەستاندنی دەرکردنی بەڵگەنامەکان لە سەرجەم فەرمانگەکانی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە و بڕیارەکە لە سبەی یەکشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

لیون نەشئەت ئیبراهیم خەفاجی ئاشکرایکردووە، حاڵەته‌ مرۆیی و پێویسته‌كان بڕیاره‌كه‌ نایانگرێته‌وه‌.

هاوکات شانەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای موسەننا باشووری عێراق، بڕیاریدا بە داخستنی سەرجەم مەزارە ئایینییەکان لە پارێزگاکە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ.

شانەکە لە راگەیەنراوێکدا کە کەناڵی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، روونیکردووەتەوە، بڕیاردراوە بەوەی چوونە ناوەوە بۆ شاری سەماوە ناوەندی پارێزگای موسەننا تەنها لە یەک دەروازە دەبێت و لە دوای پشکنینی ئەو کەسانە دەبێت کە ده‌یانەوێت بچنە ئەو شارە.



لای خۆیەوە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیاریدا بە وەستاندنی هاتوچۆی شەمەندەفەر لە نێوان بەغدای پایتەخت و پارێزگای بەسڕە باشووری عێراق.



وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی به‌وه‌داوه‌، بڕیارەكه‌ لە ئەمڕۆوه‌ چووەتە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌ و هیچ وادەیەک بۆ کۆتاییهاتنی دیاریینەکراوە.

هاوکات سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاریان داوە بە راگرتنی کارەکانیان لە رۆژی یەکشەممەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک.

ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون لە ٢٤ی شوباتی رابردوو تا ئێستا لە عێراق گەیشتووەتە ٤٧ کەس، لەو ژمارەیە چواریان گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەیان دوای چارەسەری پزیشکیی پێویست چاکبوونەتەوە

حکوومەتی عێراق چەند رێوشوێنێکی بۆ رێگرییكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید -١٩) گرتووەتەربەر، لەوانە قەدەغەی هاتنە ناوەوەی هاووڵاتییانی هەریەک لە وڵاتانی چین، ئێران، ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایلەند، سەنگاپوور، ئیتاڵیا، کوێت، بەحرێن، فەرەنسا و ئیسپانیا، هەروەها سنووردارکردنی بۆنە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان و راگه‌یاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن.

بڕیاریشیداوە بە هەڵپەساردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران و کوێت لەماوەی نێوان ٨ بۆ ١٥ی ئادار.

بۆ یەکەم جار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×